رووداو - هەولێر
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالیی یانەی ریال مەدرید، لە هەڤپەیڤینێکی تازەدا، پەردە لەسەر نهێنییەکانی سەردەمی یەکەمی لەگەڵ ریال مەدرید لادەدات و دەڵێت "کاسیاس و یاریزانەکانی ئیسپانیا کوڕە بەنازەکان بوون".
جوزێ مۆرینیۆ، راهێنەری ناوداری پۆرتوگالی، گێڕانەوەیەکی جیاواز و تووند بۆ هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیکەر کاسیاس و یاریزانە ئیسپانییەکانی ریال مەدرید دەخاتەڕوو و دەڵێت "هەر زوو درکم بەوە برد کە ئەوان یاریزانی نازێندراون".
مۆرینیۆ، کە تەمەنی 63 ساڵە، لە زنجیرە دۆکیومێنتارییەکی نوێی سەکۆی نێتفلێکسدا، کە باس لە مێژووی کارکردنی دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە چەند هەڵوێستێکی ئیکەر کاسیاسی کاپتنی پێشووی ریال مەدرید لە سەرەتای کارکردنیدا وەک راهێنەری یانە شاهانەکە، وایلێکردووە تێبگات کە عەقڵییەتێک لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا هەیە کە ئەو ناتوانێت قبوڵی بکات.
مۆرینیۆ لە لێدوانێکدا کە بی بی سی سپۆرت گواستوویەتییەوە، دەڵێت "لە سێ یەکەمین گفتوگۆمدا لەگەڵ کاسیاس وەک کاپتنی تیپەکە، یەکەم داواکاری ئەوە بوو کە پشووی زیاتر بە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بدەم".
هەروەها دەشڵێت "دووەمجار کە قسەی لەگەڵ کردم، داوای لێکردم کاتی مەشقەکان کاژێرێک دوا بخەم، چونکە بە گوتەی ئەو، لەو کاتەی من دیاریم کردووە جەنجاڵی هاتووچۆ لە مەدرید زۆرە".
مۆرینیۆ باس لە سێیەم داواکاریی کاسیاس و یاریزانەکان دەکات و دەڵێت "جارێکی دیکە گوتی نامانەوێت شەوی پێش یاری لە هوتێل بمێنینەوە، بەڵکو پێمان باشە رۆژی یارییەکە کۆببینەوە و راستەوخۆ بچین بۆ یاریگە".
ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە، کە بە شێوازە تووند و سەرکردایەتییە سەربازییەکەی ناسراوە، جەخت دەکاتەوە کە ئەم داواکارییانە وایان لێکردووە بڕوایەکی لا دروست بێت کە ئەستێرەکانی ئەو اتەی مەدرید دەیانەوێت بەپێی ئارەزووی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن، نەک بەپێی ئەو سیستمەی ئەو دایڕشتووە، هەر بۆیە لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "لە ماوەیەکی کورتدا بۆم دەرکەوت کە ئەوان تەنیا یاریزانی نازێنراون".




