رووداو - دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئەمڕۆ دووشەممە بەفەرمی رۆیشتنی دوو یاریزانی رادەگەیێنێت، دوای ئەوەی کارگێڕیی یانەکە لەسەر دەستەوارەی فرۆشتنیان لە مێرکاتۆی هاوینەدا رێککەوتووە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بارسێلۆنا بەفەرمی رۆیشتنی رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری ئۆرۆگوایی بۆ یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی رابگەیێنێت، کە یەکێکە لە گرێبەستە گەورەکانی ئەم هاوینەی یانە کەتەلۆنییەکە بۆ دەستکەوتنی پارەی کاش.
هاوکات لەگەڵ ئاراوخۆ، بڕیارە هەر ئەمڕۆ رۆیشتنی جۆفری تۆرێنتسی بەرگریکاری باڵی چەپی تەمەن 19 ساڵانیش رابگەیێنرێت. ئەم یاریزانە لاوە پەیوەندی بە یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندییەوە دەکات، بەڵام بارسێلۆنا مەرجی 'دووبارە کڕینەوە'ـی لە
گرێبەستەکەیدا جێگیر کردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مافی گەڕاندنەوەی هەبێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بڕیاربوو دوێنێ یەکشەممە گرێبەستی تۆرێنتس رابگەیێنرێت، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی یارییەکی ئەیاکس، رێکارەکان بۆ ئەمڕۆ دواخران.
جۆردی کرۆیف، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی ئەیاکس، کە پێشتر لە بارسێلۆنا کاریکردووە، سەرسامە بە تواناکانی تۆرێنتس و وەک بەرگریکارێکی داهاتوو سەیری دەکات. بەهۆی ئەوەی ئەیاکس لەو پێگەیەدا یاریزانی دیکەی هەیە، ئەگەر هەیە تۆرێنتس رەوانەی یانەی سێڵتا ڤیگۆ بکرێت بۆ ئەوەی لە خولی ئیسپانیدا ئەزموونی پێویست بەدەستبهێنێت.
جۆفری تۆرێنتس رۆژی شەممە لەگەڵ شاندی بارسێلۆنا گەشتی ئیتاڵیای نەکردبوو بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئۆدینێزی، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە بوو کە یاریزانەکە لە یانەکە دەڕوات و سەرقاڵی کۆتاییهێنانە بە ڕێکارەکانی گواستنەوەی.




