رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە گواستنەوەی کریستیان رۆمێرۆ نزیکبووەتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە هەر چاوەڕێی یانەی بارسێلۆنا دەکات و ویستی یارییکردنی بۆ ئەو یانەیە هەیە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئەرجەنتین و ئیسپانیا، کریستیان رۆمیرۆ چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت بارسێلۆنا گواستنەوەی یان نا، پێش ئەوەی بڕیار لەسەر یانە داهاتووەکەی بدات، بەڵام بارسا هیچ هەنگاوێکی فەرمیی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە نەناوە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە پێشەنگی کێبڕکێکەدایە، بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە، بەڵام دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا حەزی لە بەرگریکارەکەی تۆتێنهامە و بیر لە گواستنەوەی بۆ تیپەکەی دەکاتەوە.
تۆتێنهام بەهای رۆمێرۆی بە 40 ملیۆن یۆرۆ دیارییکردووە، ئاتلێتیکۆش تاوەکو ئێستا 30 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش کردووە و چاوەڕواندەکرێت هەردوولا بگەنە رێککەوتن.
میدیای ئەرجەنتین دەڵێت "ئاتلێتیکۆ مەدرید لەگەڵ کریستیان رۆمێرۆ، لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتووە و تەنیا ماوە رێککەوتنی نێوان یانەکان بکرێت".
جگە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا، یانەی ئارسیناڵ ویستی گواستنەوەی یاریزانەکەی هەیە، بەڵام تۆتێنهام بەهیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکاتەوە یاریزانەکە بفرۆشێتەوە رکابەرە سەرەکییەکەی بۆیە چاوەڕواندەکرێت لە کۆتاییدا ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە کاروانەکەی بباتە ریزەکانی رۆخی بلانکۆس.




