رووداو دیجیتاڵ
دادگەی قاهیرەی نوێ رۆژی 6ـی مانگی 9ـی 2026ـی وەک ژوانێک بۆ ئامادەبوونی محەممەد سەڵاح دیاریکرد، دوای ئەوەی پارێزەرێک بە ناوی عەمر فەرەجوڵڵا مورسی سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمارکرد. ئەو پارێزەرە داوای شایستە داراییەکانی ئەو کارە یاسایی و کارگێڕی و راوێژکارییانە دەکات لە ساڵانی رابردوودا بۆ یاریزانەکەی ئەنجامداون.
دادگە داوای ئامادەبوونی سەڵاح دەکات بۆ خواردنی "سوێندی یەکلاکەرەوە" لەبەر ئەوەی یاریزانەکە رەتیدەکاتەوە ئەو پارێزەرە هیچ کارێکی بۆ کردبێت یان پارەی لای ئەو بێت. ئەگەر سەڵاح لەو رۆژەدا ئامادەنەبێت یان سوێندەکە نەخوات، رەنگە رووبەڕووی سزای یاسایی ببێتەوە و دۆسیەکە لە بەرژەوەندی پارێزەرەکە کۆتاییبێت.
ئەم کێشەیە بۆ مانگی 9ـی ساڵی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک پارێزەرەکە بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە ساڵی 2012 بۆی کرابوو، داوای مافە داراییەکانی کرد. ئەو بریکارنامە فەرمییە تاوەکو مانگی 8ـی ساڵی 2025 کاری پێکراوە، پێش ئەوەی یاریزانەکە لە نوێنەرایەتیکردنی خۆی لایببات. پارێزەرەکە جگە لە پارەی کارەکانی، داوای قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانیشی کردووە.
کات دیاریکردنی ئەم دانیشتنەی دادگە بۆ یاریزانەکە و یانە نوێیەکەی زۆر هەستیارە. رۆژی 6ـی مانگی 9ـی 2026 رێک لەو کاتەدایە محەممەد سەڵاح یەکەم ئەزموونی خۆی لەگەڵ ترابزۆنسپۆر لە خولی تورکیا تاقی دەکاتەوە. سەڵاح بڕیارە رۆژی 15ـی مانگی 8ـی 2026 یەکەم یاری بەرامبەر قاسم پاشا ئەنجام بدات، بەڵام یانەکەی لە هەمان رۆژی دانیشتنەکەی دادگەدا یارییەکی گرنگی بەرامبەر گێنچلەربیرلیگی هەیە.
ئێستا سەڵاح دەبێت لە نێوان دەستپێکی نوێی کاروانە وەرزشییەکەی لە تورکیا و پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی وڵاتەکەی یەکێکیان هەڵبژێرێت.




