رووداو دیجیتاڵ
لە بووڵتەنی وەرزشیی ئەمڕۆدا کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، باس لە دۆخی یانەی هەولێر و ئامادەکارییەکانی ئەو یانەیە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق کرا.
لە بووڵتەنەکەدا، جێماو کاڕەش، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر و بەرپرسی دارایی یانەکە میوان بوو، قسەی لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە دۆخی یانەکەوە کرد.
لە سەرەتای گفتوگۆکەدا ئەو ئەندامەی یانەی هەولێر گوتی "هەولێر لە دۆخێکی مامناوەندایە، تیپەکە 50٪ بۆ وەرزی نوێ ئامادەیە و لە خاڵی سفرەوە دەستمانپێکردەوە".
جێماو کاڕەش، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "دۆخی دارایی یانەکە باشە و نیوەی پێشەکی گرێبەستی هەموو یاریزانەکانی یانەکە دراوە".
لەبارەی ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ ئاکام هاشم نەکرد، ئەو بەرپرسەی یانەی هەولێر دەڵێت "یانە و لۆگۆی یانەی هەولێر لە ئاکام هاشم و ئەوانەی وەکو ئەون گەورەترە، ئێمە خاوەنی نازناوین و قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانین، نامانەوێت لە ئاکام کەمبکەینەوە، بەڵام پێویستیمان پێی بوو بۆ جامی کەنداو، بەڵام وەکو کاپتن لوئەی گوتی ئەو پارەی هەڵبژارد".
لەبارەی سڕینەوەی ئەو راگەیێنراوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن هەولێرەوە بڵاوکرایەوە، جێماو کاڕەش روونکردنەوەیدا و گوتی "سەرۆکی یانەکە بڕیاری بڵاوکردنەوەی داوە و دوای سڕینەوەشی بۆ ئەوە بووە پەیوەندی یانەکان لەسەر یاریزانێک تێک نەچێت".
جگە لەوە بەرپرسی دارایی یانەی هەولێر، باسی لە چەند پرسێکی دیکەی تایبەت و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان کرد.
