رووداو دیجیتاڵ
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەڵوێستی یانەکەی دەربارەی داهاتووی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری یانەکەی روونکردەوە و رایگەیاند هیچ نیەتێکیان بۆ فرۆشتنی نییە. دوای ئەوەی ناوی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بە یانەکانی بارسێلۆنا و ئارسیناڵ بەسترایەوە، سیمۆنی دووپاتیکردەوە ئەوان دەیانەوێت ئەو ئەستێرەیە لە ریزەکانیاندا بمێنێتەوە.
سیمۆنی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سیولی پایتەختی کۆریا، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە باس لە رۆیشتنی ئەلڤارێز دەکەن و رایگەیاند یانەکەی بڕیاری خۆی داوە. راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە ئاماژەی بەوە کرد بەرپرسانی یانەکە هەمان دیدگایان هەیە و نایانەوێت دەستبەرداری ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵە بن، چ بۆ یانەکانی پرێمەرلیگ یان رکابەرەکانیان لە لالیگا.
سیمۆنی دەربارەی داهاتووی هێرشبەرەکەی گوتی "بارودۆخەکە زۆر روونە، یانەکە بڕیارێکی داوە و میگێل ئەنخێل گیل مارین زۆر بە باشی روونی کردووەتەوە. لە رووی وەرزشییەوە ئێمە زۆر دڵخۆشین یاریزانێکی وەک جولیانمان هەیە، هاوکاری دەکەین بەردەوام بێت لە گەشەکردن و باشتربوون تاوەکو ئەو شتانەمان پێ بداتەوە لەم دوو ساڵەدا پێشکێشی کردووین".
راهێنەرەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید باسی لەوەش کرد نموونەی دیکەیان هەیە وەک ئەوەی لەگەڵ ئەنتوان گریزمان روویدا، بۆیە تەنیا بیر لە کارکردن و هاوکاری کردنی یاریزانەکە دەکەنەوە. سەرەڕای ئەوەی میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ سەرسامە بە براوەی مۆندیالی 2022 و هەوڵی گواستنەوەی دەدات، بەڵام بەرپرسانی یانە ئیسپانییەکە رێگرن لەو هەنگاوە.
میدیاکانی ئیسپانیا ئاماژە بەوە دەکەن دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا، لەگەڵ فێرناندۆ هیدالگۆی بەڕێوبەرەی کاری یاریزانەکە کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بزانێت گواستنەوەی بۆ کامپ نو چۆن دەبێت. بەڵام کێشە داراییەکان و یاساکانی لالیگا بوونەتە بەربەست لەبەردەم بارسێلۆنا، بەتایبەت دوای ئەوەی یانە کەتەلۆنییەکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی رۆدری چڕ کردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە گرێبەستی ئەلڤارێز نزیک بێت لە مەحاڵ.
گیل مارین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید، زۆر بە راشکاوی باسی تێچووی گواستنەوەی یاریزانەکەی کردووە. ئەو دووپاتیکردەوە تاکە رێگە بۆ هەر یانەیەک بیەوێت ئەو هێرشبەرە بگوازێتەوە، ئەوەیە بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ بدات کە وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دیاریکراوە.




