رووداو دیجیتال
رۆژی هەینی بەسازکردنی رێوەڕەسمێکی تایبەت لە شاری بەغدا، راکێشانی تیروپشکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەگەڵ شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی سوپەر ئەنجام دەدرێت، لە ماوەی 38 خولەکدا وردەکاریی و گۆڕانکارییە نوێیەکانی خولەکەش نماییش دەکرێن.
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 14ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات، ئاهەنگی دەستپێکی خولەکە لەنێو یاریگەی نەورۆز بە کەرنەڤاڵێکی گەورە لە شاری سلێمانییە و ئامادەکارییەکان بۆ ئەو رووداو وەرزشییە لە لایەن یانەکەی پایتەختی رۆشنبیری بەردەوامە.
نەوا لەتیف، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی نەورۆز لەبارەی کارەکانیان بۆ ئاهەنگی دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و چاوەڕوانین کەڕنەڤاڵێکی مێژوویی بێت، چەندین بڕگەی هونەری ناوازە لەگەڵ یارییە ئاگرینییەکان چێژێکی زۆر بە ئامادەبووان و بینەران دەبەخشێت، جیا لەوانە دەیان کەسایەتی گەورەی وەرزشیی کوردستان و عێراق لەگەڵ گەورە هونەرمەندان لەو کاتەدا میوانی ئێمە دەبن ".
تۆپی وەرزی نوێی خولەکە لەلایەن کۆمپانیای ئەدیداسەوە درۆستکراوە، لۆگۆی خولەکە و دیزاین و مەرجەکانی فیفا لە دیزاینکردنیدا جێبەجێکراون، ئەوەی تایبەت بێت بە یانە بەشدارەکان ژمارەیان بیست یانەیە، هەر یانەیەک بۆی هەیە گرێبەست لەگەڵ 7 یاریزانی پیشەگەر بکات، بەڵام لە کاتی یارییەکانی تەنیا مافی یاریکردنی پێنج یاریزانی هەیە.
تۆڕی میدیایی عێراقی جارێکی دیکە مافی پەخشی یارییەکانی خولەکەی وەرگرتووە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولەکەدا سپایدەرکام لەنێو یاریگەکاندا دادەندرێت کە لە بەرزاییەکانی یاریگەوە دیمەن و گرتەی ڤیدیۆی جوان بە پەخشی یارییەکان دەبەخشێت، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە هەوڵدایە چەندین بڕگەی هەمەڕەنگ و پێشبڕکێ بۆ هاندەرانی یانە جیاوازەکان دابنێت.
پێنج یانە کە بریتیین لە هەولێر، دهۆک، زاخۆ، نەورۆز، گازی باکوور نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکەن، تیپە کوردستانییەکان ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی قورس بن.
وەرزی رابردوو یانەی جەوییە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بردەوە، یانەی هەولێر پلەی سێیەمی خولەکەی وەرگرت.




