رووداو دیجیتاڵ
ماڵی کوردانی لیدز ئەمساڵ پاڵەوانێتیی تۆپی پێی بۆ تیپە کوردییەکانی شارەکانی بەریتانیا رێکخست. رێبوار شارەزووری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی خولی ماڵی کوردانی لیدز، بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "بەنیازین ساڵانە ئەم پاڵەوانێتییە رێکبخەین و پلانمان هەیە گەورەتر بکەین و تەنانەت لە زۆر وڵاتی ئەورووپا پاڵەوانێتی هاوشێوە ئەنجام بدەین".
دەستەی بەڕێوەبەراتی خولی ماڵی کوردانی لیدز، لە بەردەوامی چالاکییەکانیدا پاڵەوانێتییەکی تۆپی پێی بەناوی 'پاڵەوانێتی برایەتی' بۆ تیپی کوردانی شارەکانی بەریتانیا ئەنجامدا و بۆ ئەو مەبەستە رۆژی یەکشەمە 6ـی7ـی2026 کۆبوونەوەیەکی وەرزەشی رێکخست نوێنەرانی 16 تیپی شارەکانی بەریتانیا بەشدارییان تێداکرد و هەموو شتێک لەسەر پاڵەوانێتییەکە تاوتوێ کرا و تیروپشک بۆ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە راکێشرا.
رێبوار شارەزووری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ماڵی کوردانی لیدز، لەو بارەیەوە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "خولەکە بە بەشداری 16 تیپی کوردی بەڕێوەچوو، کە بۆ ماوەی 6 هەفتە بەردەوام بوو، هەموو یارییەکان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران و خۆشەویستانی تۆپی پێ بەڕێوەدەچوون".
رێبوار شارەزووری هەروەها گوتی "یارییەکان لەلایەن سەرپەرشتیاران و ناوبژیوانانی خۆبەخشەوە بەڕێوەدەبران. بۆیە لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە سوپاسیان دەکەین".
لەو پاڵەوانێتییەدا، کە هەموو یارییەکانی بەسەرکەوتوویی و بەگیانی برایەتی بەڕێوەچوون و هەردوو تیپی کوردیی شارەکانی نیوکاسڵ و لیڤەرپوول گەیشتنە یاریی کۆتایی، کە یارییەکی زۆر بەهێز بوو، و لە کۆتاییدا نیوکاسڵ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر براوەبوو، بووە پاڵەوانی خولەکە. لەکۆتاییشدا خەڵاتەکان لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی خول و ماڵی کوردان دابەشکران.
رێبوار شارەزووری لەبارەی ئامانج و مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم چالاکییانە، بە رووداو سپۆرتسی گوت "ئامانج لەکردنەوەی ئەم جۆرە چالاکی و خولانە هەنگاوێکی بنەڕەتی و گرنگە بۆ یاریزان و راهێنەران، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی زانستیانە کار لەسەر پێشخستنی توانای جەستەی و فکرییەکان بکەن، کە دەکرێت ببێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی تواناکانی گەنجان و پەرەپێدانی بەهرەکانیان".
هەر بۆیەش وەک ئەو گوتی "بەر لە دەستپێکردنی هەر یارییەکدا وتارێکی تایبەت هەبوو لەلایەن کاک نەورۆز بابانییەوە لەسەر خولی برایەتی و یەکڕیزیی نێوان کوردان و بڵاوکردنەوەی رۆحی وەرزەشی پێشکەسش دەکرا"..
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی خولی ماڵی کوردانی لیدز، ئەوشی بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکراکرد، کە بەنیازن هەموو ساڵێک ئەم پاڵەوانێتییە ئەنجام بدەن و تەنانەت پلانیان هەیە لە چەندین وڵاتی دیکەی ئەورووپاش پاڵەوانێتی لەم شێوەیە بۆ تیپە کوردییەکانی ئەو شارانە ئەنجام بدەن".
ئەو گوتیشی "تەنانەت دەمانەوێت پاڵەوانێتییەک لەسەر ئاستی ئەورووپاش رێکبخەین و لەسەر شێوازی چامپیۆنزلیگ یەکەم و دووەمی پاڵەوانێتییەکانی هەر وڵاتێک بەشداری تێدا بکەن، بەڵام بەڕاستی بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بیرۆکەیە بکەینە پراکتیک، داوا لە کۆمپانیا و سەرمایەدارانی کورد لە کوردستان و ئەورووپا دەکەین سپۆنسەریمان بکەن".




