رووداو دیجیتاڵ
مارک کاسادۆ، ناوەڕاستکاری لاوی یانەی بارسێلۆنا، لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە؛ یان لە یانە کەتەلۆنییەکە وەک یاریزانێکی لاوەکی دەمێنێتەوە، یان روو لە خولێکی دیکە دەکات بۆ ئەوەی هەلی یاریکردنی زیاتری پێبدرێت. ئەمە لەکاتێکدایە یانەی بارسێلۆنا ئامادە نییە بە نرخێکی هەرزان دەستبەرداری ببێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، کارگێڕیی بارسێلۆنا بەڕاشکاوی بە یاریزانە تەمەن 22 ساڵەکەیان گوتووە کە ناچاری ناکەن یانەکە جێبهێڵێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری مانەوە بدات، دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە ەۆڵێکی زۆر پەراوێزخراوی دەبێت لە پلانەکانی هانزی فلیکدا.
فلیک، کاسادۆ شۆک دەکات
راهێنەرە ئەڵمانییەکە راستییەکانی بۆ کاسادۆ درکاندووە و پێیڕاگەیاندووە کە کێبڕکێ لە هێڵی ناوەڕاستدا زۆر تووندە. فلیک ئاشکرای کردووە کە لە پێشینەی کارەکانی ئەودا، هەریەکە لە پێدری، گاڤی، مارک بێرناڵ، فرێنکی دی یۆنگ و ئێریک گارسیا لە پێش کاسادۆوەن بۆ یاریکردن.
ئامارەکانی وەرزی رابردووی کاسادۆ نیشانەی مەترسین؛ ئەو هەرچەندە 34 یاری ئەنجامداوە، بەڵام نزیکەی 1000 خولەک کەمتر لە وەرزی یەکەمی لەژێر سەرپەرشتی فلیکدا یاری کردووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە پێگەی لە یانەکەدا بەرەو کزبوون چووە.
بارسا بە هەرزان نایفرۆشێت
سەرەڕای ئەوەی پێگەی دیار نییە، بەڵام بارسێلۆنا کاسادۆ وەک 'سەرمایەیەکی بەنرخ' دەبینێت. یانەکە پێش 30ـی حوزەیرانی رابردوو دەست 10 ملیۆن یۆرۆیی بۆ کڕینی ئەو یاریزانە رەتکردەوە، چونکە پێیانوایە ئەو یاریزانێکی نێودەوڵەتییە و شایستەی نرخێکی زۆر بەرزترە. یانە کەتەلۆنییەکە نایەوێت پەلە بکات و دەیەوێت باشترین سوودی دارایی لە فرۆشتنی وەربگرێت ئەگەر یاریزانەکە بڕیاری رۆیشتن بدات.
ملوێنەکانی سعودیە و دوودڵیی کاسادۆ
لە لایەکی دیکەوە، یانەکانی خولی رۆشنی سعودی بە دەستەوارەی دارایی خەیاڵی هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ گواستنەوەی کاسادۆ.
سەرەڕای زۆریی پارەکە، کاسادۆ دوودڵە لەوەی لەم تەمەنەدا ئەورووپا جێبهێڵێت و روو لە خولێک بکات کە ئاستی کێبڕکێی تێیدا کەمترە.
کەسە نزیکەکانی کاسادۆ دابەشبوون؛ هەندێکیان هانی دەدەن سوود لەو هەلە داراییە وەربگرێت، بەڵام هەندێکی دیکە هۆشداری دەدەنێ کە رۆیشتن بۆ سعودیە لەم تەمەنەدا، پاشەڕۆژی ئەو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەخاتە مەترسییەوە.
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کاسادۆدایە و دەبێت پێش داخستنی بازاڕی گواستنەوە، بڕیاری کۆتایی بدات "پارە یان پڕۆژەی وەرزشی؟".




