رووداو دیجیتاڵ
رەفا ئالکۆرتا، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید پێیوایە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ کێشەی بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر دروستکردووە و داهاتووی ئەو یاریزانە بەرازیلییە لەناو یانە شاهانەکەدا نادیارە، ئاماژە بەوەش دەکات ئەگەر یانەکە 'یان دیۆماندێ' بگوازێتەوە، ئەوا ئەگەری رۆیشتنی ڤینیسیۆس زۆر زیاتر دەبێت.
ئالکۆرتا لە لێدوانێکی بۆ میدیای ئیسپانیا، پشتگیری خۆی بۆ کارەکانی یانەی ریال مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەدا دەربڕی و رایگەیاند تیپەکە پێویستی بە گۆڕانکاری گەورە هەبووە. ئەو یاریزانە دەڵێت "بۆ من واژۆکردنی گرێبەستەکان کارێکی دروست بوو، چونکە پێویست بوو یانەکە سەرلەنوێ بنیادبنرێتەوە و بژاردەی دیکەیان لەبەردەم نەبوو".
ئالکۆرتا پێیوایە گواستنەوەی 'مارک کوکۆرێیا' باشترین کار بووە، هەروەها ستایشی گواستنەوەی هەریەکە لە 'ئیبراهیما کۆناتێ'، 'دێنزێل دومفریس' و 'یان دیۆماندێ' دەکات. ئەو دەڵێت "تیپەکە هەستی پێکردووە پێویستی بە ئەزموونی زیاتر هەیە، بۆیە ئەم گواستنەوانە سوودی زۆریان دەبێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەبێت هەندێک یاریزان ریال مەدرید جێبهێڵن، رۆیشتنیش لەم یانەیە کارێکی ئاسان نییە".
سەبارەت بە دۆخی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، کە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2027ـە، ئالکۆرتا دەڵێت "دۆخێکی ئاڵۆزە، چونکە ڤینیسیۆس کات دەکوژێت و نازانم ئەمە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت. بێگومان ئەگەر دیۆماندێ بێت، ئەگەری رۆیشتنی ڤینیسیۆس هەیە. ئەوەی من بە هەڵەی دەزانم ئەوەیە رێگەی پێ بدرێت تاوەکو کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی بمێنێتەوە و دواتر بەخۆڕایی بڕوات".
ئەو یاریزانە پێشووەی ریال مەدرید هۆکاری کێشەکانی ڤینیسیۆس بۆ هاتنی 'کیلیان ئێمباپێ' دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "لە سەردەمی ئێمەدا نەماندەزانی هاوڕێکانمان چەند وەردەگرن، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. ئەو کەسانەی دەوروبەری یاریزانەکانن تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە و ئامۆژگاری دروست پێشکێش ناکەن. ئەگەر دیۆماندێ بێت، ئەوە پەیامێکی زۆر تووند دەبێت بۆ ڤینیسیۆس".
ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەیەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام، ئەمەش وایکردووە دەنگۆی رۆیشتنی لە هاوینی داهاتوو ببێتە بابەتێکی گەرم.




