رووداو - دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان، رووبەڕووی شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتی بووەتەوە و گوشارەکان بۆ سەر کورسییەکەی گەیشتوونەتە لووتکە. سەرەڕای ئەوەی ئینفانتینۆ لە پڕۆژە مشتومڕاوییەکەی پاشەکشەی کرد، بەڵام بەرەی دژبەرانی لەنێو ماڵی تۆپی پێی جیهانیدا رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت.
یوفا و کۆنکاکاف پشت لە ئینفانتینۆ دەکەن
بێن جاکۆبس، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی بەریتانی، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی بەفەرمی هەموو پشتگیرییە نووسراوەکانی بۆ ئینفانتینۆ بکێشێتەوە. هاوکات یەکێتیی وڵاتانی ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست و کاریبی (کۆنکاکاف)یش هەمان هەڵوێستیان وەرگرتووە و دەیانەوێت کۆتایی بە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەو پیاوە سویسرییە بهێنن.
هەڕەشەی سەندنەوەی متمانە
بەگوێرەی زانیارییەکان، ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی ناو فیفا بە ئاشکرا داوای دەستلەکارکێشانەوە لە ئینفانتینۆ دەکەن. ئەوان هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئینفانتینۆ بەخواستی خۆی کورسییەکەی چۆڵ نەکات، ئەوا پرۆسەی 'سەندنەوەی متمانە' دەخەنە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی لە پۆستەکەی دوری بخەنەوە.
پڕۆژەیەک کە فیفای هەژاند
سەرەتای کێشەکە بۆ پڕۆژەیەک دەگەڕێتەوە بە ناوی FIFA Forward Enterprise، کە تێیدا ئینفانتینۆ دەیویست بەشێکی چالاکییە بازرگانییەکانی فیفا و رێکخستنی پاڵەوانێتییەکان بداتە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ 'تایبەتکردن'ـی فیفا بینرا و ناڕەزایەتی یوفا، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا و کۆنکاکافی لێکەوتەوە، تەنانەت یوفا هەڕەشەی بایکۆتکردنی هەموو پاڵەوانێتییەکانی فیفای کردبوو.
بوومەلەرزەی دەستلەکارکێشانەوە لەنێو فیفادا
ئەم پڕۆژەیە درزێکی گەورەی خستە نێو فیفا؛ کارلۆس کۆردێرۆ، راوێژکاری باڵای ئینفانتینۆ، وەک ناڕەزایەتییەک دەستی لەکارکێشایەوە. هەروەها کێڤن لامۆر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فیفا، بەتووندی دژی ئەو پڕۆژەیە وەستایەوە.
هەرچەندە ئینفانتینۆ بەهۆی ئەم گوشارانەوە ناچاربوو پڕۆژەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام وادیارە کار لە کار ترازا و یوفا و کۆنکاکاف بڕیاری کۆتایی خۆیان داوە بۆ گۆڕینی لووتکەی دەسەڵات لە فیفا. ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ ئایا ئینفانتینۆ دەتوانێت لەم گەردەلوولە رزگاری بێت، یان مێژووەکەی لە فیفا بەرەو کۆتایی دەچێت؟.




