رووداو - دیجیتاڵ
کریستیانو رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و گۆڵکاری یانەی نەسڕی سعودی، دواجار بڕیاریدا کۆتایی هەفتەی داهاتوو بچێتە نێو قەفەسی زێڕین و ئاهەنگی هاوسەرگیریی لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێز لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا لە دوورگەی مادێرا ئەنجام بدات.
رێوڕەسمێکی شاهانە لە زێدی خۆی
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی سەنی بەریتانی، دۆنی تەمەن 41 ساڵ، بڕیاریداوە لە کاتدراڵی لە شاری مادێرای زێدی خۆی گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ جۆرجینای تەمەن 32 ساڵ واژۆ بکات. بڕیارە رێوڕەسمەکە کاژێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ دەستپێبکات و دواتر میوانەکان بەرەو هۆتێلی ساڤۆی پالاسی پێنج ئەستێرەیی بەڕێبکەون بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگی پێشوازیکردن.
ئامادەکارییەکان لە 'ساڤۆی پالاس'
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە کە کارگێڕیی هۆتێلەکە بە میوانەکانیان راگەیاندووە کە رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو، دوو نهۆمی تەواوی هۆتێلەکە و چەندین شوێنی تایبەت و باڕ دادەخرێن، ئەمەش بۆ دابینکردنی کەشێکی تایبەت و پاراستنی نهێنییەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە.
بۆچی مادێرا نەک سینترا؟
پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئاهەنگەکە لە باخی کینتا دا ریگالێرا لە شاری سینترا بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنە لە کۆتایی هەفتەدا بەڕووی گەشتیاراندا کراوەیە، رۆناڵدۆ بڕیاریداوە شوێنەکە بگۆڕێت بۆ مادێرا تاوەکو لە چاوی میدیاکان و قەرەباڵخی دوور بێت.
گەڕانەوە بۆ رەگ و ریشە
سەرەڕای ئەوەی سەرمایەی رۆناڵدۆ بە 1.2 بۆ 1.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام هەڵبژاردنی مادێرا بۆ هاوسەرگیرییەکەی لایەنێکی سۆزداریی بەهێزی لەپشتە. رۆناڵدۆ لەو شارەدا لە هەژارییەکی زۆردا گەورە بووە و لە تەمەنی 11 ساڵیدا ماڵەکەی جێهێشتووە بۆ ئەوەی ببێتە ئەفسانەی تۆپی پێ، ئێستا دەیەوێت گرنگترین رۆژی ژیانی لەو شوێنە بێت کە تێیدا لەدایکبووە.
ئەم ئاهەنگە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین رووداوە کۆمەڵایەتییەکانی جیهانی وەرزش لەم ساڵدا، کە تێیدا چەندین کەسایەتی ناوداری جیهانی بەشداری دەکەن.




