رووداو دیجیتال
بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەرزشیی عێراقدا، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا تاقیکردنەوەی ناوبژیوانانی کوردی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەزمانی کوردی بێت.
ئێستا لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دەیەوێت خولەکە بەشێوەیەکی زۆر جوان و بەهێز لەلایەن ناوبژیوانە ئاستبەرزەکانی عێراق بەڕێوەببردرێت و یارییەکان پاک و خاوێن بن و دوور بن لە بڕیاری هەڵە.
ئەمڕۆ یەکشەممە خولێکی بەهێزکردن و زاخاوتن بۆ ناوبژیوانانی شارەکانی کوردستان لە هەولێر دەستیپێکرد، مەبەست لەو خولە روونکردنەوەی یاسا نوێ و گۆڕانکارییەکانی فیفایە لە کاری ناوبژیوانی.
سیروان سەلمان، ئەندام لە لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "دەمانەوێت ناوبژیوانانی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر باش یارییەکان بەڕێوەببەن و ئیدی زوو زوو خولی بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنیان بۆ دەکەینەوە، تەنانەت لە کاتی تاقیکردنەوەیان لە بەغدا ناوبژیوانانی کورد بەزمانی کوردی وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە، ئەمەش وەک ئاسانکاری بۆیان".
وەرزی رابردوو گلەییەکی زۆر لە لایەن یانەکان لەسەر ژمارەیەک بڕیاری ناوبژیوانان هەبوو، سەرەڕای ئەوەی کە سیستمی ڤار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پەیڕەو دەکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی ناوبژیوانانی عێراق زیاتر روونیکردەوە "ئەو سەردەمە بەسەرچوو ناوبژیوان یاری لە بەسرە بەڕێوەببات، یەکسەر یاریی لە دهۆک بۆ دابنرێت، لایەنی پشوودان و حەسانەوەیان لەبەرچاو دەگیرێت، دەبێت ناوبژیوان زۆر ئاسوودە و حەساوە بێت لەوکاتەی دێتە نێو یاریگا بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکان".
یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی چواردەی ئەم مانگە دەستپێدەکەن.




