رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای سۆران، یانەی کچانی هەولێر نازناوی جامی کۆماری عێراقی بۆ تۆپی پێی ئافرەتانی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە یانەی کچانی سۆرانی بردەوە.
پاڵەوانێتییەکە بە بەشداریی 8 یانە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سۆران بەڕێوەچوو. هەردوو یانەی هەولێر و سۆران توانییان بگەنە یاریی کۆتایی. لە یاریی یەکلاکەرەوەشدا، شۆخان نورەدین، ئەستێرەی یانەی هەولێر توانی تاکە گۆڵی یارییەکە تۆمار بکات و یانەکەی بکاتە پاڵەوان.
شوان رەشید، بەڕێوەبەری وەرزشیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەربارەی گرنگیی چالاکییەکە رایگەیاند: "گرنگیی ئەم پاڵەوانێتییە لەوەدایە زۆربەی شارەکانی کوردستان و عێراق تێیدا بەشداربوون. ئەمە یەکەمجارە پاڵەوانێتییەکی وەرزشیی ئافرەتان لەم ئاستە لە سۆران بکرێتەوە، زانکۆی سۆران و ئیدارەی دەڤەرەکەش هاوکارێکی تەواوی سەرکەوتنی چالاکییەکە بوون."
یانەی کچانی سۆران تەنیا سێ ساڵە دامەزراوە، بە پاڵپشتیی خاک و هاندەرانی دەیویست جامەکە لە سۆران بهێڵێتەوە، بەڵام ئەزموونی 9 ساڵەی یانەی هەولێر و یاریزانە ئەستێرەکانی، رێگەیان نەدا سۆرانییەکان بگەنە ئامانجەکەیان.
شۆخان نورەدین، یاریزانی کچانی هەولێر و گۆڵکاری یارییەکە، دوای بردنەوەیان گوتی: "هەموو یارییەکی کۆتایی زەحمەتە، کچانی سۆران یارییەکی یەکجار باشیان کرد و ئەوانیش بە براوە هەژمار دەکرێن، سوپاس بۆ خودا دوو یانەی کوردی گەیشتینە یاریی کۆتایی."
سەلار عەبدولواحید، یاریزانی کچانی سۆران ئاماژەی بەوە کرد ئەوەی لە توانایاندا بووە کردوویانە، بەڵام ئەمجارە چانسی بردنەوەیان نەبووە، هەرچەندە لە یاریی یەکەمدا لە هەمان پاڵەوانێتی بە لێدانی سزای یەکلاکەرەوە لە هەولێریان بردبووەوە.
سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشی کوردستان، تیشکی خستە سەر پێگەی کچانی کورد لە وەرزشی عێراقدا و گوتی: "پێکهاتەی زۆربەی تیپەکانی کچان لەسەر ئاستی عێراق، کچانی کوردن، ئەمەش نیشانەیەکی دیارە وەرزشی ئافرەتان لە کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر باش."
ئەمە سێیەمین وەرزی پاڵەوانێتیی جامی کۆماری عێراق بوو بۆ کچان، لە کۆی ئەو سێ وەرزەشدا، یانەی کچانی هەولێر دووجار بووەتە پاڵەوانی عێراق.



