رووداو دیجیتاڵ جیانی ئینفانتینۆ، کشانەوەی پڕۆژەی "فیفا فۆروۆرد ئینتەرپرایز"ـی بەبەهای 20 ملیار دۆلار رادەگەیێنێت. سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، لە بڵاوکراوەیەکدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمی فیفا بڵاوکراوەتەوە، کشانەوەی پڕۆژەی "فیفا فۆروۆرد ئینتەرپرایز" و راگرتنی جێبەجێکردنی راگەیاند. ئەمەش دوای ئەوەی راوێژەکان لەگەڵ فیدراسیۆنە نیشتمانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەریانخست کە پێشنیازەکە بووەتە هۆی دروستبوونی جەمسەرگیری و ناکۆکییەک کە خزمەت بەو ئامانجە ناکات کە پڕۆژەکەی بۆ دەستپێکراوە. ئینفانتینۆ روونی کردەوە کە ئامانجی پڕۆژەکە دۆزینەوەی چوارچێوەیەک بووە بۆ بەهێزکردنی فیدراسیۆنە ئەندامەکان و پەرەپێدانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی پێویستی زۆریان بە پاڵپشتی هەیە. جەختیشی کردەوە کە بەردەوامبوون لە پڕۆژەکە لە سەرەتاوە مەرجدار بووە بە بەدەستهێنانی رەزامەندی زۆرینەی فیدراسیۆنە ئەندامەکان، ئەوەش دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئەنجووومەنی فیفا و فیدراسیۆنە کیشوەرییەکان. سەرۆکی فیفا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بۆچوونانەی لە قۆناخی راوێژکاریدا کۆکراونەتەوە، بەڕوونی دەریانخستووە کە پڕۆژەکە بووەتە هۆی دروستبوونی دابەشبوون، ئەمەش وادەکات بەردەوامبوون تێیدا، بەبێ گوێدانە ئاستی ئەو پشتگیرییەی کە هەیەتی، لەگەڵ ئامانجە بنەڕەتییەکەی فیفا نەگونجێت. جیانی دووپاتی کردەوە کە ئامانجی یەکێتیی نێودەوڵەتی هەمیشە یەکخستن و پەرەپێدانی تۆپی پێ دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە بەردەوام نابێت و قۆناخی داهاتوو کارکردن دەبێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان لەژێر چەتری هەماهەنگی و بەرژەوەندی هاوبەش بۆ گەشەپێدانی یارییەکە. کورتەیەک دەربارەی پڕۆژە هەڵوەشاوەکە: فیفا پێشنیازی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی پاشکۆی کردبوو بە بەهای 20 ملیار دۆلار لەژێر ناوی "فیفا فۆروۆرد ئینتەرپرایز" بۆ بەڕێوەبردنی جامی جیهانی و چالاکییەکانی دیکەی، هەروەها بڕیاربوو 20%ـی پشکەکانی کۆمپانیاکە بۆ وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت بێت. بڕیار بوو سندوقی Thrive Eternal کە لەلایەن کۆمپانیای ترايف کاپیتاڵی سەر بە جۆشوا کوشنەر بەڕێوەدەبرێت، سەرکردایەتی گرووپی وەبەرهێنەران بکات. جۆشوا برای جارید کوشنەرە، کە زاوای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە. لای خۆشییەوە ترەمپ رایگەیاندبوو کە لەگەڵ ئینفانتینۆ باسی ئەو بابەتەی نەکردووە، سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکەیان و میوانداریکردنی جامی جیهانی 2026 لەلایەن ئەمریکاوە.




