رووداو دیجیتال تەنگژەی نێوان یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی FIFA و یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا UEFA گەیشتە قۆناخێکی مەترسیدار. لە نوێترین پەرەسەندندا، ئیسپانیا و پۆرتوگال هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بەیەکجاری دەستبەرداری مافی رێکخستنی مۆندیالی 2030 دەبن. ئەم کێشە گەورەیە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پڕۆژەیەکی نوێی راگەیاند بۆ دامەزراندنی سیستمێکی نوێ بەهاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت بۆ سەرپەرشتیکردنی پاڵەوانێتییەکانی فیفا. ئەم هەنگاوە یوفای تووڕە کرد و دەستبەجێ بڵآوکراوەیەکی ئاگرینی دژی دەرکرد. بایکۆتێکی سەرتاسەری لەڕێگەیە تەنیا یوفا نییە کە دژی پڕۆژەکەی ئینفانتینۆ وەستاوەتەوە؛ 55 وڵاتی ئەورووپی هەڕەشەی بایکۆتکردنی سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی فیفایان کردووە، کە گرنگترینیان مۆندیالە. لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا AFC و یەکێتیی کۆنکاکافیش لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا هاوسۆزیی خۆیان بۆ یوفا و دژی پڕۆژەکەی فیفا راگەیاندووە. مۆندیالی 2030 لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە ئەوەی جیهانی وەرزشی تووشی شۆک کردووە، هەڵوێستی ئیسپانیا و پۆرتوگالە. ئەم دوو وڵاتە کە بڕیارە لەگەڵ مەغریب مۆندیالی 2030 رێکبخەن، ئێستا بیر لە کشانەوە دەکەنەوە. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئێل ئێسپانیۆل ئەگەر هەڵبژاردە ئەورووپییەکان بڕیاری بایکۆت بدەن، رێکخستنی مۆندیال لەلایەن ئیسپانیا و پۆرتوگالەوە هیچ مانایەکی نامێنێت. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دوو وڵاتە دەیانەوێت هاوسۆزیی خۆیان بۆ یوفا دەرببڕن و ئەگەر فیفا سوور بێت لەسەر پڕۆژە 'جێ مشتومڕەکەی'، ئەوا ئەوان دەستبەرداری میوانداریکردنی گەورەترین کەرنەڤاڵی وەرزشی جیهان دەبن. ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا مەترسییەکی ئەوەندە گەورە بکەوێتە سەر رێکخستنی مۆندیال، کە بڕیاربوو بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە سێ کیشوەری جیاواز (ئەورووپا، ئەفریقا و ئەمریکای باشوور) بەڕێوەبچێت. ئێستا چاوەکان لەسەر ئینفانتینۆن؛ ئایا پاشەکشە لە پڕۆژەکەی دەکات یان جیهانی تۆپی پێ بەرەو پارچەبوون دەبات؟.