رووداو دیجیتال
یانە بەشدارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق رووییان لە شاری هەولێر کردووە، ئەوان کەمپی راهێنان ئەنجامدەدەن و دەیانەوێت لە پایتەختی کوردستانەوە ریزەکانیان تۆکمە بکەن.
لە هەولێر یاریگەی باش نییە، بەڵام بوونی خزمەتگوزاری باشی گەشتیاری وەک هۆتێل و رێستۆرانت لەگەڵ لەباری باری ئاسایش وایکردووە کە یانەکانی عێراق بیر لە سازکردنی کەمپی راهێنان لە شارەکە بکەنەوە، سەبارەت بە یاریگە تەنیا سێ یاریگە هەن کە تیپەکان راهێنانی تێدا بکەن کە بریتیین لە یاریگەکانی هەندرێن، ئاڵا لەگەڵ برایەتی.
ئەمساڵ ئەو یانانەی کە بۆ کەمپی راهێنان هاتوون بۆ هەولێر بریتیین لە: نەورۆز، تەڵەبە، دیالە، نەفت، جۆلان، مینا، نەفتی میسان، موسڵ و شورتە.
مەجید مەندەلاوی، سەرپەرشتیاری یانەی دیالە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "تیپەکەمان نوێکردووەتەوە بە هێنانی راهێنەری نوێ و چەند یاریزانی نوێ، شاری هەولێر زۆر گونجاوە بۆ راهێنانەکانمان، لێرە دەتوانین چەند یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریی بکەین، لەبەرئەوەی یانە بەهێزەکان لێرەن".
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، یارییەکانی بە بەشداریی بیست یانەیە و یاریی کردنەوە لەنێو یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی ئاشکرایکرد، رۆژی حەوتی مانگی داهاتوو لە رێوڕەسمی گەورەدا لە شاری بەغدا راکێشانی تیروپشکی یارییەکانی خولەکە ئەنجام دەدات.
وەرزی رابردوو یانەی جەوییە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بردەوە، یانەی شورتە لە پلەی دووەم هات و یانەی هەولێر پلەی سێیەمی خولەکەی بەدەستهێنا.




