رووداو دیجیتال
ریال مەدرید ئەو کارتە براوەیەی دۆزییەوە کە لە هێڵی هێرشبەریدا مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە. یان دیۆماندێ، ئەستێرە کۆتدیڤوارییەکەی پێشووی لیگانیس و ئێستای لایپزیگ، تەنیا هەنگاوێکی کەم لە پۆشینی درێسی شاهەنە دوورە. ئەم یاریزانە تەمەن 19 ساڵانە کە ساڵێک لەمەوبەر بە 20 ملیۆن یۆرۆ چووە ئەڵمانیا، ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 120 ملیۆن یۆرۆ و زۆر لە تایبەتمەندییەکانی لە ڤینیسیۆس جونیۆر دەچێت.
ئەم گرێبەستە گەورەیە لە کاتێکدایە کە ریال مەدرید شۆڕشێکی گەورەی لە پێکهاتەکەیدا دەستپێکردووە. دوای دوو وەرزی بێ نازناو، یانەکە سەرەتا جۆزێ مۆرینیۆی وەک راهێنەر گەڕاندەوە، پاشان چوار گرێبەستی گەورەی وەک مارک کوکورێیا، دێنزڵ دومفریس، ئیبراهیما کۆناتی و بێرناردۆ سێلڤای واژۆکرد، ئێستاش دیۆماندێ دەبێتە پێنجەمین و گەورەترین گرێبەستەکەی مۆرینیۆ.
دیۆماندێ و ڤینیسیۆس؛ جیاوازییەکە لە کوێدایە؟
رۆژنامەی مارکا لە شیکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات، دیۆماندێ وەک ڤینیسیۆس تەنیا باڵێکی کلاسیکی نییە کە خەریکی بەستنەوەی هێڵەکان بێت، بەڵکو یاریزانێکی ستوونی و زۆر تیژە. ئەو خاوەنی خێراییەکی سەرنجڕاکێشە؛ لە مۆندیالی رابردوودا خێراییەکەی گەیشتە 34.7 کم/کاژێر، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووەتە خێراییە ئەفسانەییەکەی کیلیان ئێمباپێ (37.6 کم/کاژێر).
لەڕووی بڕینی یاریزانانەوە Dribbling، دیۆماندێ دڕندەیەکی راستەقینەیە. وەرزی رابردوو لە خولی ئەڵمانیا 118 بڕینی سەرکەوتووی هەبووە لەکۆی 213 هەوڵ، ئەمەش نزیکەی دوو ئەوەندەی مایکل ئۆلیسێیە، کە بە پلەی دووەم دێت.
چەکی مۆرینیۆ: یاریزانێک بۆ هەردوو باڵەکە
ئەوەی دیۆماندێ لە ڤینیسیۆس جیا دەکاتەوە، توانای یاریکردنێتی لە هەردوو باڵی راست و چەپ بەهەمان کوالیتی. هەرچەندە وەرزی رابردوو زیاتر لە باڵی راست بینرا (1591 خولەک)، بەڵام لە باڵی چەپیشدا نیشانی دا کە دەتوانێت چی بکات.
کاتێک لە باڵی راستە
دیۆماندێ زیاتر پشت بەهێزە جەستەییەکەی و خێراییەکەی دەبەستێت. تۆپەکە دەباتە هێڵی کۆتایی و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەی سزا. ئامارەکان دەڵێن لە باڵی راستدا هەلی زیاتر دروست دەکات (4.41 بڕین لە هەر یارییەکدا) و مەترسییەکی گەورە لەسەر بەرگریکاران دروست دەکات.
کاتێک لە باڵی چەپە
لێرەدا دیۆماندێ دەبێتە یاریزانێکی 'بکوژ'. بەهۆی ئەوەی پێی راستی بەهێزە، لە باڵی چەپەوە دێتە ناوەندی یاریگا و راستەوخۆ بۆردومانی گۆڵ دەکات. لە باڵی چەپدا رێژەی گۆڵە چاوەڕوانکراوەکانی XG بەرزتر دەبێتەوە و زیاتر دەچێتە ناو ناوچەی سزای تیپی رکابەر.
دیۆماندێ؛ ئەندازیاری تێکدانی بەرگری
یەکێک لە مەترسیدارترین سیفەتەکانی دیۆماندێ، جوڵەکانیەتی بەبێ تۆپ. ئەو دەزانێت چۆن لە شوێنە تەنگەکاندا خۆی بدزێتەوە و بەخێراییەکی بێ وێنە لە پشت هێڵی بەرگرییەوە دەربکەوێت. مۆرینیۆ کە هەمیشە حەزی بە هێرشبەری خێرا و کاریگەرە، دیۆماندێ وەک چەکێکی تەکتیکی دەبینێت کە دەتوانێت بەتەنیا هێڵی بەرگریی هەر تیپێک پارچە پارچە بکات.
ئێستا سانتیاگۆ بێرنابیۆ چاوەڕێی ئەم گەوهەرە رەشەیە، تاوەکو لەگەڵ ئێمباپێ و ڤینیسیۆس، سێکوچکەیەکی ترسناک دروست بکەن، کە هیچ بەرگرییەک لە جیهاندا نەتوانێت رایان بگرێت.




