رووداو دیجیتاڵ
دینزل دۆمفرێسی هۆڵەندی و بەرگریکاری نوێی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دڵخۆشیی زۆری خۆی بەئەنجامدانی یەکەم یەکەی مەشق لەگەڵ یانە نوێیەکەی دەربڕی و بەڵێنی گەورەی بە هاندەرانی یانەکەدا.
دۆمفرێس کە دوێنێ پشکنینی پزیشکیی ئەنجامدا و دواتر لەگەڵ تیپەکەدا دەستی بەمەشقکرد، دەڵێ، "هەستم بەسەرسوڕمانێکی زۆر کرد، زۆر دڵخۆشم بەگەڕانەوە بۆ مەشقکردن دوای کۆتایی هاتنی پشووەکەم، ئەوە شانازییەکی گەورەیە بۆ من، کە لێرەم".
بەرگریکارە باڵەکەی هۆڵەندا سەرسامبووە بە ژێرخانی یانەی ریال مەدرید و دەڵێ، "یاریگاکان ناوازەن، گەورە و سەرنجڕاکێش و دەکرێ هەندێکجار لە بارەگای مەشقەکاندا ون ببیت، بەڵام هەمووان هاوکارییان کردم بۆ ئەوەی بەئاسانی شارەزای هەموو شوێنەکان ببم".
لەبارەی هەستەکانییەوە دوای ئەو ئەزموون دەڵێ، "زۆر شانازم بەوەی بەشێک بم لەم یانە رەسەنە، سەرەتایەکی زۆر پۆزەتیڤم هەبوو".
دۆمفرێس هەروەها پەسنی شێوازی پێشوازی لە ژووری جلگۆڕین و بەخێرهاتنی هاوتیمەکانی کردووە، ئاماژەی بەوەداوە کە هێشتا هەندێک یاریزانی یانەکە نەگەڕاونەتەوە، پاشئەوەی لە دوای مۆندیالەوە پشوویان وەرگرت، بەڵام دەڵێ هەستدەکەم لەنێو خێزانەکەی خۆمدام.
دووپاتیدەکاتەوە، "تیپێکی مەزن و راهێنەرێکی مەزنمان هەیە، زۆر جوانە کە لێرە بیت و کاربکەیت".
ئەو دووپاتیکردووەتەوە کە هەوڵەکانی خۆی بۆ فێربوونی زمانی ئیسپانی دەستپێکردووە.
لەبارەی ئامادەسازییەکانەوە، دۆمفرێس دەڵێ، ماوەی ئامادەسازیی، بەردی بناخەی دروستکردنی کۆی وەرزەکەیە، دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێ ئەو و یاریزانانی دیکەی نوێی یانەکە، کاری زۆر بکەن بۆ گونجان لەگەڵ تیپەکە.
دینزل لە کۆتایی قسەکانیدا گوتویەتی، "زۆر شانازم بەبوونم لێرە، هەموومان لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجەکاندا تێدەکۆشین، بەڵێن بەهاندەرانی ریال مەدرید دەدەم، وایان لێبکەین، شانازیمان پێوە بکەن".
دۆمفرێس، هاوتای کوکورێیا، بێرناردۆ سێلڤا و براهیما کۆناتێ، ئەو یاریزانانەن لە هاوینی ئەمساڵدا، ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵدا کردوون.




