رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) رووبەڕووی لێشاوی رەخنەی تووند بووەوە، پاشئەوەی پلانی خۆی بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی بازرگانی راگەیاند کە سەر بە فیفا دەبێت و مافی بازرگانیی مۆندیال دەفرۆشێتەوە و بەشێکی پشکەکانی کۆمپانیاکە، بەوەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت دەفرۆشێت.
میدیاکان دەڵێن، ئەو مافە بازرگانییانەی مۆندیال کە فیفا دەیانفرۆشێت، کڕیارەکانی کەسانی نزیک لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکان و ئەوەش هەنگاوێکە کە یوفا ناویناوە، "تێپەڕاندنی هێڵی سوور".
دوای تەواوبوونی مۆندیالی ئەمساڵ بەماوەیەکی کەم، ئینفانتینۆ مشتومڕێکی گەورەی لە جیهانی تۆپی پێدا دروستکرد. بەپێی زانیارییە ئاشکراکراوەکانی هەردوو رۆژنامەی 'فاینێنشاڵ تایمز و زا تایمز'ی بەریتانی، ئینفانتینۆ هەنگاوی ناوە بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەک کە خاوەندارێتی بەشێک لە مافە بازرگانییەکانی هەریەکە لە، مۆندیال، مۆندیالی ئافرەتان و مۆندیالی یانەکان، دەکات.
فیفا لای خۆیەوە رایگەیاندووە، ئینفانتینۆ لەگەڵ کۆمەڵێک وەبەرهێنەردا کۆبووەتەوە و باسی لە هەنگاوەکە کردووە.
ئەو سەرچاوانە گوتوویانە، ئینفانتینۆ بەهاوکاریی بانکی جی بی مۆرگان، کۆمپانیایەکی بازرگانی سەر بە فیفا دروستدەکات کە ناوی 'دامەزراوەی فیفا بۆ گەشەکردن' دەبێت، بەرپرس دەبێت لە یەکخستنی پڕۆسە بازرگانی و چالاکییەکانی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکانی سەر بە فیفا.
فیفا رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە کاردەکات بۆ "فراوانکردنی پارەدارکردنی تۆپی پێ، بۆ ئەوەی بگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار"، بەو مەرجەی فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی وڵاتان، لەسەر بڕیارەکە رازی ببن.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، بەهای بازاڕیی کۆمپانیا بازرگانییەکە دەگاتە 20 ملیار دۆلار، ئەگەرچی فیفا خۆی کۆنترۆڵی تەواوی دەکات و پشکی زۆرینەی دەبێت تێیدا.
راپۆرتە هەواڵەکان دەڵێن، ئینفانتینۆ پلانی هەیە بۆ دانانی وەبەرهێنی ستراتیجی کە رێژەی 20 لە کۆمپانیاکە دەبێت و بەوەش فیفا نزیکەی 4 ملیار دۆلار داهاتی زیاد دەکات.
فیفا کە تاوەکو ئێستا، ساڵانە نزیکەی 2 ملیۆن دۆلار دەداتە فیدراسیۆنە نێوخۆییەکانی وڵاتی ئەندامی، بەڵام ئەگەر ئەو پلانەی سەربگرێت، پارەیەکی زۆر زیاتر دەداتە هەمووان.
ئەوەی ترسی لای لایەنە ناڕازییەکانی پڕۆژەکە دروستکردووە، ئەوەیە کە پێشبینیدەکەن رێکخراوێکی سەربەخۆی وەک فیفا، بەناوبانگترین پاڵەوانێتییەکانی بخاتە دەست کۆمپانیاکان بەوەش سەربەخۆیی بڕیاردان تێیاندا، لەباربچێت.
ئەوەی زیاتر لایەنە ناڕازییەکانی تووڕەکردووە، ئەو راپۆرتە هەواڵانەن کە باس لە بەشداریکردنی سندووقی وەبەرهێنانی سرایڤ ئیتێرناڵ دەکەن لە کڕینەوەی بەشێک لە پشکەکانی کۆمپانیا بازرگانییەکەی فیفا، لە کاتێکدا ئەو سندووقە بەوە ناسراوە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان، سەر بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە.
سندووقی وەبەرهێنانی سرایڤ ئیتێرناڵ، لەلایەن جۆشوا کۆشنەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە برا بچووکی گارید کۆشنەری زاوای سەرۆکی ئەمریکایە.
رۆژنامەی 'زا تایمز' دەڵێ، هەندێک کەسایەتیی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی چوونە نێو پڕۆژەکە راوێژیان پێکراوە، ئەوەش دەریدەخات کە هەنگاوی سیاسی لەپشت پڕۆژەکەوە هەیە.
لای خۆیەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) بەتووندی پڕۆژەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێ ئەوە هێڵێکی سوورە و نابێ ببەزێنرێت.
یوفا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، "تێپەڕاندنی هێڵێکە کە نابێ دامەزراوە دەسەڵاتدارەکانی تۆپی پێ، هەرگیز تێیپەڕێنن". دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێ بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بکرێت و داوای لە هەموو یانەکان، هەڵبژاردەکان، یاریزانان و هاندەران و حکومەتی وڵاتەکان کردووە، زۆر بەرژدی لە دژی بڕیارەکە بوەستنەوە.




