رووداو دیجیتال
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بەشداریی چوار هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکان، یارییەکانی پاڵەوانێتیی فوتساڵی دۆستانەی وڵاتانی عەرەب لەنێو هۆڵی داخراوی وەرزش و لاوانی شارەکە دەستپێدەکات و چوار رۆژ دەخایەنێت.
کێبرکێکە بە بەشداریی هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی عێراق، هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی ئوردن، هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی سوریا لەگەڵ هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی فەڵەستینە، بڕیارە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی عێراق و هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی فەڵەستین بێت.
مەدحەت عەلی، رێکخەری پاڵەوانێتیی یاریزانە دێرینەکانی عەرەب لە کەرکووک تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە وەک وەرزشڤانانی کەرکووک شانازییە کە بۆ یەکەمجار میوانداریی ئەو پاڵەوانێتییە دەکەین، دەمانەوێت جوانی شارەکەمان و خەڵکەکەی و مێژووەکەی پیشانی وەرزشڤانانی وڵاتانی عەرەب بدەین و خەونی گەورەترمان بۆ ساڵانی داهاتوو هەیە و تەواوی خەرجی و تێچووی پاڵەوانێتییەکەم خستووەتە ئەستۆی خۆم، چونکە شارەکەم خۆشدەوێت و دەمەوێت خزمەت بکەم".
هەر لەگەڵ ئەو پاڵەوانێتییەدا دوای ئەوەی یارییەکانی نێو هۆڵ واتە فوتساڵ تەواوبوو، وەرزشڤانانی هەڵبژاردەی یاریزانە دێرینەکانی عێراق و هەڵبژاردە میوانەکان یارییەکی دۆستانە لە یەکێک لە یاریگە یازدە یاریزانییەکەی شاری کەرکووک ئەنجام دەدەن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی بۆ ساڵانی داهاتوو کێبرکێکە گەورەتر و فراوانتر بکەن.
شاندی هەڵبژاردەی ئوردن و فەڵەستین گەیشتوونەتە شوێنی حەوانەوەیان لە شاری کەرکووک، تەنیا هەڵبژاردەی سوریا ماوە، ئەوان لە خاڵی سنوورین و چاوەڕوانن وڵاتەکەیان رەزامەندی بدات بۆ ئەوەی بپەڕنەوە خاکی عێراق و بەرەو کەرکووک بەڕێبکەون.
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق لەو پاڵەوانێتییەدا جیا ژمارەیەک ئەستێرەی شاری کەرکووک، هەریەک لە حەبیب جەعفەر و هەیسەم کازم، ئەستێرەی پێشووی عێراق یاریی دەکەن.




