رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ، یەکەم یاریی دۆستانەی کرد و تێیدا بەرامبەر یانەی دینامۆ باتومیی جۆرجی شکستی هێنا.
ئامەدسپۆر کە کەمپێکی مەشق و راهێنانی لە شاری ئەرزەڕۆم کردووەتەوە، لە ناوەندی وەرزشیی "پالاندۆکان" رووبەڕووی یانەی دینامۆ باتومی، یەکێک لە یانەکانی خولی نایابی جۆرجیا (ئێرۆڤنولی لیگ) بووەوە.
یارییەکە بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژەوەندی یانە جۆرجییەکە کۆتایی هات.
گۆڵی یەکەمی دینامۆ باتومی لە خولەکی 6 لەلایەن "ڤۆردی مارا" و گۆڵی دووەمیش لە خولەکی 65 لەلایەن "جونیۆر ماوریدیس"ـەوە تۆمار کرا.
بەسنیک هاسی، راهێنەری ئامەدسپۆر بۆ ئەم یارییە بەم پێکهاتە سەرەکییە دەستیپێکرد: مستەفا بوراک، مەهمەت یەشیل، ئامادۆ سیسێ، قارەمان دەمیرتاش، ئێرمال کراسنیکی، جەم ئوستونداغ، رایان راڤێلۆسۆن، دیا سەبا، دانیال مۆرینۆ، بێرک ئۆزدەمیر و فلۆرێنت حەسەنی.
لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا هەردوو تیپ بە پێکهاتەی سەرەکی و بەهێزی خۆیانەوە بەشداربوون، بەڵام لە گێمی دووەمدا راهێنەران گۆڕانکاریی زۆریان کرد و هەلیان بە یاریزانە لاوەکان و یەدەگەکانی تیپەکەدا تاوەکو لە نزیکەوە ئاستیان هەڵبسەنگێنن.
لە دوایین یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا، رۆژی 2ـی ئایاری 2026، یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ئیدرسپۆر بووەوە و هەردوو یانە بە ئەنجامی 3 گۆڵ یەکسان بوون. بەم ئەنجامە یانەکە سەرکەوت بۆ خولی نایابی تورکیا.



