رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی و ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ شێرزوود تێمیرۆڤی هێرشبەری ئۆزبەکی واژۆکرد.
ئەمڕۆ یانەی زاخۆ گواستنەوەی شێرزۆد تێمیرۆڤی هێرشبەری ئۆزبەکی راگەیاند. ئەم یاریزانە پێشتر لە ریزی یانەی هەولێر یاریی دەکرد. ئەم گرێبەستە یەکێکە لە دیارترین هەنگاوەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی خولەکە.
تێمیرۆڤ دوای وەرزێکی سەرکەوتوو لەگەڵ هەولێر رووی لە زاخۆ کرد. ئەو هێرشبەرە لە وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق توانی 28 گۆڵ تۆماربکات و نازناوی گۆڵکاری خولەکە بەدەستبێنێت. تێمیرۆڤ ئێستا یەکێکە لە مەترسیدارترین هێرشبەرانی نێو خولەکە.
تێمیرۆڤ بە هێزی جەستەیی و توانای گۆڵتۆمارکردن دەناسرێتەوە. ئەم یاریزانە خاوەنی ئەزموونێکی نێودەوڵەتییە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان و شارەزاییەکی باشی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا پەیداکردووە.
کارگێڕی یانەی زاخۆ دەیەوێت بەم جۆرە گرێبەستانە پێگەی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو بەهێزتر بکات. ئامانجی یانەکە کێبڕکێکردنە لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە پاڵەوانێتییەکانی ناوخۆدا.
یانەی زاخۆ لە ساڵی 1987 دامەزراوە. یانەکە لە وەرزی رابردوودا یەکێک بوو لە تیپە بەهێزەکانی خولەکە و بەردەوامە لە گواستنەوەی یاریزانانی سوپەر بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکانی وەرزی داهاتوو.



