رووداو دیجیتاڵ
ئالفی هالاند، باوکی ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی هەڵبژاردەی نەرویج، شەپۆلێک لێکدانەوەی جیاوازی هێنایە ئاراوە، کاتێک لەبارەی داهاتووی کوڕەکەیەوە قسەیکرد و گوتی هەمووان هەمان ئاواتیان هەیە، ئەویش یارییکردنە بۆ ریال مەدرید.
باوکی هالاند کە دوێنێ ئامادەی یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بوو، بەرامبەر بەرازیل، کە تێیدا هەڵبژاردەکەی بەهۆی دوو گۆڵی کوڕەکەیەوە، بۆ قۆناخی هەشتی مۆندیال سەرکەوت، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی، "هالاند دڵخۆشە لە مانچێستەر سیتی و گرێبەستی درێژی لەگەڵ یانەکەی هەیە".
بەڵام دواتر گوتوویەتی، "هەمووان هیواخوازن یاریی بۆ ریال مەدرید بکەن".
قسەکانی باوکی هالاند هەموو میدیای جیهانیی تەنییەوە، لە سۆشیال میدیادا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو.
باوکی هالاند ئەو قسانەی لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیارێکدا کرد، کە رۆژنامەنووسان لێیان پرسیبوو، ئینریکێ ریکێلمی، بەربژێری پێشووی سەرۆکایەتیی ریال مەدرید، بەڵێنیدابوو ئەگەر ببێتە سەرۆکی یانەکە، گرێبەست لەگەڵ هالاند دەکات.
ئالفی، لەبارەی ئەگەری رۆژێک لە رۆژان یارییکردنی کوڕەکەی لە ریال مەدرید دەڵێ، "لەوانەیە.. هەموو کاتێک لە جیهانی تۆپی پێدا هەل هەیە. لە ئیسپانیا یانەی ناوازە هەن، یانەی مەزن، کەس نازانێ لە داهاتوودا چی روودەدات. هالاند ئێستا لە یانەکەی دڵخۆشە".
ناوی هالاند چەندینجار بە ریال مەدرید و بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە. چەندینجار باس لە ویستی ئەو دوو یانەیە کراوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرەکەی پێشووی بۆرووسیا دۆتمۆند.
ئەگەرچی هالاند، گرێبەستی درێژی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە کە هالاند، لە گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی، هەندێک خاڵی تێدایە کە رێگای دەدەن بەرلەتەواوبوونی ئەو گرێبەستە، بەمەرجی دابینکردنی هەندێک مەرج، دەتوانێت روو لە ریال مەدرید بکات.
تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ رۆیشتنی هالاند لە سیتی، بەتایبەت کە نزیکەکانی دووپاتیدەکەنەوە، ئەو بە بەردەوامبوون لە یانەکەی، دڵخۆشە.




