رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یارییەکی لووتکەدا بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت و دەیەوێت بگاتە قۆناخی شازدەی مۆندیال.
کاژێر 00:00 لە یارییەکی لووتکەدا، هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و سوێد رووبەڕووی یەکدەبنەوە. فەرەنسا، بە خاڵی تەواوەوە وەکو یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی مۆندیال قۆناخی کۆمەڵەکانی بڕی و هەرسێ یارییەکەی لە کۆمەڵەکەیدا بردەوە و بە یەکەمی کۆمەڵەی نۆیەم گەیشتە ئەم قۆناخە، ئەمشەو تیپەکە بە سەرکردایەتیی کیلیان ئێمباپێ بەرامبەر سوێد یاریی دەکات و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە مۆندیالدا بچێتە پێشەوە.
دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەکە دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەهۆی پرسەی دایکی نەیتوانی لەگەڵ هەڵبژاردەکە بێت گەڕاوەتەوە، تیپەکەی بۆ رکابەرییەکە ئامادەیە، بەڵام مارکۆس تۆرام پێکانی هەیە و یاریی ناکات، بەشداریکردنی ئێنگۆلۆ کانتێش پرسیاری لەسەرە.
کیلیان ئێمباپێ لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا چوار گۆڵی کردووە، دەیەوێت بە هاوکاریکردنی تیپەکەی ژمارەی گۆڵەکانی زیاتر بکات و فەرەنسا بەرەو قۆناخی داهاتوو بپەڕێنێتەوە.
فەرەنسا 23 یاریی بەشێوەیەکی گشتی بەرامبەر سوێد ئەنجامداوە، 12 یاریی بردووەتەوە، 6 جار دۆڕاوە و پێنج جار هەردوو تیپ یەکسانبوون.
هەڵبژاردەی سوێد، لەگەڵ ئەوەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا وەکو یەکێک لە باشترین سێیەمەکان سەرکەوت، بەڵام بەدوای ئەنجامێکی ئەرێنیدا دەگەڕێت و دەیەوێت سوپرایزێک لە مۆندیالدا تۆماربکات.
هەڵبژاردەکە بە سەرکردایەتیی ئەلیکساندەر ئیزاک و ڤیکتۆر یۆکێرێش خۆی بۆ یارییەکەی بەرامبەر فەرەنسا ئامادەکردووە و دوایین مەشقەکانی لە نیوجێرسی ئەنجامدا و ئامادەیە بۆ رکابەرییەکی سەرنجڕاکێش لە قۆناخی 32ـی مۆندیالدا.
سوێد لە چوار مۆندیالی رابردوودا گەیشتوونەتە پاڵەوانێتییەکە، بەڵام ئەنجامەکانی لە مۆندیالدا زۆرباش نین، لە مۆندیالی 1994 گەیشتنە نیوەی کۆتایی مۆندیال و دەیانەوێت بەرامبەر فەرەنسا ئەنجامێکی باشیان هەبێت، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.
دوایینجار کە سوێد لە فەرەنسای بردەوە لە ساڵی 2017 بوو لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا.




