رووداو دیجیتاڵ
ڤۆزینیا، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی کابۆ ڤێردی، دوای ئەو ئاستە بەرزەی بەرامبەر ئیسپانیا پێشکەشی کرد، رایگەیاند کە کێشەی ڤیزای ئەمریکا رێگر بووە لەوەی دایکی لە نێو یاریگەدا شاهیدی مێژوونووسینەکەی بێت.
ڤۆزینیا کە تەمەنی گەیشتووەتە 40 ساڵ، لە یەکەم دەرکەوتنی وڵاتەکەی لە مۆندیالدا حەوت گەڕاندنەوەی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر ئیسپانیا هەبوو و بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا. گۆڵپارێزەکە دوای فیکەی کۆتایی لە نێو یاریگەی مێرسیدس بێنز لە ئەمریکا نەیتوانی رێگری لە فرمێسکەکانی بکات و بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە باوەشی هاوڕێکانیدا گریا.
ڤۆزینیا دوای یارییەکە سەبارەت بە هۆکاری گریانی گوتی "ئەمە پەیامی سوپاسگوزارییە بۆ هەموو خەڵکی کابۆ ڤێردی، ئێمە زۆر دڵخۆشین و ئەم کۆمەڵە یاریزانە ئەزیەتێکی زۆریان کێشا بۆ گەیشتن بەم ساتە. من گریام چونکە لە منداڵیدا لای داپیر و باپیرم گەورە بووم و ئەوان ئێستا لە ژیاندا نەماون تا ئەم رۆژە ببینن، هەروەها دایکیشم بەهۆی کێشەی ڤیزا و ئەو پارە زۆرەی دەبوو بۆی بدەین، نەیتوانی لێرەبێت".
ئەم گۆڵپارێزە کە لە خولی پلە دووی پۆرتوگالی یاریی دەکات، ریکۆردێکی مێژووییشی شکاند. ڤۆزینیا بە تەمەنی 40 ساڵ و 12 رۆژ، بووە بەتەمەنترین یاریزان لە مێژووی مۆندیالدا کە لە یەکەم یاریی مێژوویی وڵاتەکەیدا بەشداری بکات، هەروەها دوای عیسام حەزەری گۆڵپارێزی میسڕ، بووە دووەم بەتەمەنترین یاریزان کە یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجام بدات.
ڤۆزینیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو تەمەنی 25 ساڵی یاریزانی پیشەگەر نەبووە و گوتی "ئەمە پاداشتی هەموو ئەو گەشتە سەختەیە کە بڕیومە. ئەگەر ڤۆزینیای تەمەن 18 ساڵ ببینم، پێی دەڵێم شانازی بە خۆتەوە بکە چونکە هەموو ئەو ماندووبوونانە شایەنی ئەم ساتە بوون".
هەڵبژاردەی کابۆ ڤێردی دوای ئەم یەکسانبوونە مێژووییە، لە 21ـی ئەم مانگە رووبەڕووی ئۆرۆگوای دەبێتەوە و دوایین یاریی کۆمەڵەکانیشی بەرامبەر سعودیە ئەنجام دەدات.




