رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی فەرمی، سەرکەوتنی فلۆرێنێتینۆ پێرێزی لە هەڵبژاردنەکاندا راگەیاند و تاوەکو ساڵی 2030 بە سەرۆکی یانەکە هەڵبژێردرایەوە.
یانەی ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "لیژنەی هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید ئاشکرای دەکات، دوای جیاکردنەوەی 100٪ـی دەنگەکانی ئامادەبووان و ئەوانەی لە رێگەی بەریدەوە بەشدارییانکردووە، بەڕێز فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی یانەکە و ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە هەڵبژێردرا".
ریال مەدرید دەڵێت "پێرێز لە هەڵبژاردنەکاندا 21714 دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە رێژەی 65٪ـی دەنگەکان. ئێنریکێ ریکێلمی، لە هەڵبژاردنەکاندا 11814 دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە رێژەی 35٪ـی دەنگەکان".
دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بۆ چوار ساڵی داهاتوو، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە یەکەم پەیامیدا گوتی "ئێمە لە هەموو بنکەکانی دەنگدان سەرکەوتووین، ئەمەش بەو مانایەیە کە لەناو هەموو تەمەنە جیاوازەکاندا بردوومانەتەوە. دووەم باشترین ئەنجاممان لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ریال مەدریددا بەدەستهێناوە. باشترین ئەنجامیش هەر خۆمان لە ساڵی 2004دا بەدەستمان هێنابوو. ئەمە ئەنجامێکی ناوازە و دەگمەنە".
پێرێز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ریال مەدرید بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانی نازناوەکان. بەردەوام شانازی بە سانتیاگۆ بێرنابیۆوە دەکەین، کە باشترین یاریگای جیهانە. شانازی دەکەین کە باشترین یاریزانەکانی جیهانمان هەیە. شانازی دەکەین کە یەکێک لە گەورەترین راهێنەرانی جیهان دەگەڕێتەوە، کە مەدریدیستایەکی راستەقینەیە: جۆسێ مۆرینیۆ. تکایە چەپڵەی بۆ لێ بدەن."
سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بە ئامادەبووانی راگەیاند"ئێوە بە جیهانتان نیشاندا کە مەدریدیزم چییە و ئەم هەستە گوزارشت لە چی دەکات: پەیوەندییەک کە ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا یەکدەخات. یەکێک لەوانە، خودی پاپایە. بەیانی کاتێک دەیبینم، بە درێسێکی ریال مەدریدی پێشکەش دەکەم کە ناوی خۆی و ژمارە 1ی لەسەر بێت."
فلۆرێنتینۆ پێرێز لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی "ئێمە هەموو رۆژێک کار دەکەین بۆ ئەوەی گەورەترین یانەی هەموو سەردەمەکان، گەورەتر بکەین. بەردەوام دەبین لە بینینی شەوە ئەفسوناوییەکانی بێرنابیۆ. وە تاکو کۆتایی بەردەوام دەبین لە جەنگان و هەرگیز کۆڵ نادەین. پێکەوە، هێشتا مێژوویەکی زۆرمان ماوە کە دروستی بکەین".




