رووداو دیجیتاڵ
بەشێوەیەکی فەرمی، سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە دەستنیشانکران و رووداو سپۆرتس ناوی ئەندامانی نوێی یانەکە ئاشکرا دەکات.
چیا ئەمین، وەرزشڤانی دێرین و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، بەشێوەیەکی فەرمی وەکو سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ دەستنیشانکرا و بە رووداو سپۆرتسی گوت "لایەنە پەیوەندیدارەکان پەیوەندییان پێوەکردووم، بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا سەرۆکایەتی یانەی زاخۆ بکەم و هەموو توانایەکم لەپێناو شارەکە و خزمەتی وەرزشی دەخەمەگەڕ".
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، جگە لە چیا ئەمین کە وەکو سەرۆکی نوێی یانەکە دەستنیشانکراوە، هەریەکە لە بەهرەم مەحموود، وەکو جێگری سەرۆکی یانەی زاخۆ، سەڵاح عەلی، وەکو ئەندامی دەستەی کارگێڕ، ژیان حوسێن، وەکو بەرپرسی دارایی و بێوار عەلی، وەکو ئەندامی کارگێڕیی یانەکە دەستنیشانکراون.
کارگێڕیی نوێی یانەی زاخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستبەکاردەبێت و هەنگاوەکانی بۆ ئامادەکردنی تیپی تۆپی پێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکات.
دەستنیشانکردنی چیا ئەمین، وەکو سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ لەکاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوێک وەکو بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستەکە لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرانەوە، بەڵام بەفەرمی چیا ئەمین پۆستەکەی وەرگرت.




