رووداو دیجیتاڵ
دانی سیبایۆسی ئیسپانی، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید، لە جێهێشتنی ریزەکانی تیپەکە لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا نزیکبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو لە پلانەکانی یانەکە دوورخرایەوە.
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی نزیکبووەتەوە لە گەیشتن بەڕێککەوتن لەگەڵ ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی سیبایۆس، لە گرێبەستێکدا کە نرخەکەی بە نزیکەی ٦ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
راپۆرتەکەی مارکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو یانەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن و گەشبینی هەیە بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە لە ماوەیەکی نزیکدا، بەتایبەتی کە یاریزانەکە خۆی لاری نییە لە ئەنجامدانی ئەزموونێکی نوێ لە دەرەوەی خولی ئیسپانیا.
یانەی ئەیاکس، سیبایۆس وەک زیادکردنێکی گرنگ بۆ هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی دەبینێت، بەتایبەتی دوای گرێبەستکردن لەگەڵ میچێلی راهێنەری ئیسپانی بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لە وەرزی نوێدا، چونکە یانە هۆڵەندییەکە هەوڵدەدات ریزەکانی بەو یاریزانانە بەهێز بکات کە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەن لەسەر ئاستی ئەورووپا.
سیبایۆس لە مانگی یەکی رابردوودا نزیکبوو لە جێهێشتنی ریال مەدرید و پەیوەندیکردن بە یانەی مارسیلیای فەرەنسی، بەڵام لە کۆتاییدا گرێبەستەکە تەواو نەکرا، پێش ئەوەی لەم هاوینەدا دۆسیەی رۆیشتنی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەرباس.
ئەم ناوەڕاستکارە ئیسپانییە لە ماوەی حەوت وەرزدا لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بووە (کە ماوەیەکیش بەخواستن لە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بووە)، بەڵام نەیتوانی بەشێوەیەکی بەردەوام خۆی لە ناو پێکهاتەی سەرەکیدا جێگیر بکات، بۆیە ئێستا جێهێشتنی ریزەکانی یانە شاهانەکە لە هەموو کاتێک نزیکترە.




