رووداو دیجیتاڵ
بوولتەنی ئەمڕۆی وەرزشیی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، چەند مژارێکی گرنگ خرانە بەرباس.
کاردانەوەکانی سەرکەوتنی پاریس سانجێرمان بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ و بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک، بەشێکی گرنگی بوولتەنەکە بوون.
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێت "کاتی ئەوە دێت باسی بردنەوەی نازناوی سێیەم بکەین، یارییەکەمان لە ئاستێکی بەرزدا ئەنجامدا و ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ درێژایی وەرزەکە، شایستەی بردنەوەی نازناوەکە بووین".
لە بەشێکی دیکەی بوولتەنەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی بەرازیل و ئەرجەنتین بۆ مۆندیال کرا، لێدوانی کارلۆ ئەنچێلۆتی پێشاندرا کە دەڵێت "گۆڕانکاری لە لیستی یاریزانەکانمدا ناکەم، نەیمار ئەگەر بۆ یاریی یەکەمی مۆندیال ئامادەنەبێت بۆ یاریی دووەم ئامادەدەبێت".
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت بۆ درێژەدان بە ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات.
