رووداو - كوێلن
ئایگوڵ بێریڤان ئاسڵان كە بەرەچەڵەك كوردێكی ئەناتۆلیای ناوەڕاستە و مانگی رابردوو لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی نەمسادا بە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا، گوتی كە نابێت كەسانی سیاسی كێشەكانی توركیا بهێننە نەمسا “كێشەكانمان لە نەمسا لەگەڵ كێشەكانی توركیا جیاوازن. دەبێ ئێمە ئەو هەستە بۆ خەڵك دروستبكەین كە خۆیان وەكو نەمسایی بناسن.”
بێریڤان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (دێر ستاندارد)ی نەمسایی گوتی “بێگومان كاتێك پرسیارم لێدەكرێت دەڵێم من بەڕەچەڵەك كوردم. بەڵام ئەو سیاسەتەی من پەیڕەوی دەكەم بۆ هەموو مرۆڤەكانە بەبێ ئەوەی پرسیار بكەم كە بەڕەچەڵەك خەڵكی كوێن. من دەمەوێ شتێكی تازە دەستپێبكەم، ئەویش ئەوەیە كە نابێت پێناسەی (بێگانە) بە باڵای مرۆڤدا ببڕن.”
نووسین بە زمانی توركی لەسەر پۆستەری كاندیدەكان لەكاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردن، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزایی هەندێك لە نەمساییەكانی لێكەوتەوە.
ئایگوڵ بێریڤان ئاسڵان، پەرلەمانتاری سەر بە پارتی سەوز (Die Grunen) لەبارەی مشتومڕی نووسین بە زمانی توركی لەسەر پۆستەری هەڵبژاردنەكانی نەمسا گوتی “كێشەكە سەرەتا كێشەی كاندیدی بەڕەچەڵەك توركە. منیش ئەو پرسیارە لەوان دەكەم ئایا ئەگەر پۆستەرەكانی هەڵبژاردن لە توركیا بە كوردی و ئەرمەنی بنووسرێن كاردانەوەیان چی دەبوو؟ بێگومان من لەگەڵ ئەوەدا نیم كە بڵێم باشترە كاندیدی بەڕەچەڵەك بیانی دەنگی خەڵكی خۆیان ببەنەوە. هەروەها كاتێك رەخنەش لە پۆستەری دوو زمانی دەگیرێت، یەكسەر پۆستەرەكان كۆبكرێنەوە، چونكە ئەمە وا پێشان دەدات كە پارتە گەورەكان هەروەكو رابردوو سەیری بابەتی بیانیان دەكەن.”
لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی نەمسا كێبڕكێیەكی توند لەنێوان كاندیدە كورد و توركەكان هەبوو، بە جۆرێك كە خودی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە توركیا و رەوتی میللی گوروش كە رەوتێكی ناسیۆنالیستی توركییە، پشتگیری كاندیدە توركەكانیان دەكرد.
ئایگوڵ لەوبارەیەوە دەڵێت “كەسە نزیكەكانی AKP و رەوتی میللی گوروش بە ئاشكرا پشتگیرییان لە پارتی گەلی نەمساوی (OVP) و پارتی سۆسیال- دیموكراتی نەمساوی (SPO) دەكرد”. هەروەها دەڵێت “نابێت ئێمە سیاسەتی توركیا بهێنینە نەمسا. كۆمەڵەی بیانییەكان یارمەتی منیشیان دا. هۆكاری ئەمەش كاركردنم بووە وەكو راوێژكاری یاسایی و كۆمەڵایەتی، بەڵام بەتەواویش پشتم بەو پشتیوانییە نەبەستووە.”
“(FEYKOM)بە فەرمی هاوكاری نەكردووم”
ئاژانسێكی هەواڵ بڵاوی كردەوە كە فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لە نەمسا (FEYKOM) هاوكاری ئایگول بێریڤان ئاسڵانی كردووە تاوەكو لەو هەڵبژاردنە دەربچێت، بەڵام ئایگوڵ دواتر لە رێگەی تویتەرەوە حاشای لەوە كردووە. ئایگول لەوبارەیەوە دەڵێت “من كاتێك خۆم وەكو كوردێك بناسێنم، كۆمەڵە كوردییەكان هاوكاریم دەكەن، (FEYKOM) هەرگیز منی وەكو كاندیدی خۆیان نەناساندبوو. بەڵام تەنیا یەك ئاژانس ئەم پڕوپاگەندەیەی كرد. راستییەكە ئەوەیە كە (FEYKOM) كار لەگەڵ زۆر پارتی نەمسایی دەكات و پێموانییە بەشێوەیەكی فەرمی پشتیوانی من و پارتی سەوز بووبن. بۆیە لە ئەكاونتی خۆمەوە لەسەر تۆڕی تویتەر خۆم لەو مەسەلەیە بەدوورگرت”.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ