وەزیری دەرەوەی سوێد وەڵامی پەرلەمانتارە كوردەكەی پەرلەمانی سوێد دەداتەوە

26-11-2013
عومەر شایان
نیشانەکردن سوید سێدارە پەرلەمانتاری كورد
A+ A-
رووداو- هەولێر

وەزیری دەرەوەی سوێد وەڵامی پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی سوێد جەبارئەمین سەبارەت بە لەسێدارەدان لە ئێران دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران زۆر خراپە و بەردەوام لە خراپیدایە، ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی سیاسی لەم پایزەدا هەنگاوێکی پۆزتیڤ بوو،  جگە لەوە ئێمە لە پاش هاتنی حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری تازەی ئێران هیچ هەنگاوێکی پراكتیكی شایەنی باسمان نەدیوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافی مرۆڤ لە وڵاتە.

ئەمڕۆ سێشەممە كاژێر 3 ی پاش نیوەڕۆ بەكاتی هەولێر، کاڕڵ بیڵت (Carl Bildt)، وەزیری دەرەوەی سوێد  لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئامادەبوو بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی، كە جەبار ئەمین، پەرلەمانتاری سوێد و بەرەگەز کورد ئاراستەی کردن سەبارەت بە هەڵوێستی سوێد بەرامبەر لە سێدارەدانی چالاكوانانی كورد و خەڵكانی دیكە لە ئێران.

کارڵ بیڵت، وەزیری دەرەوەی سوێد لە وڵامی جەبار ئەمین گوتی "ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە هاوینەوە لە بەرزبونەوەدایە، و بەم دواییەش زانیاری تازەمان پێگەیشتووە سەبارەت بە لە سێدارەدانی چالاکوانانی سیاسی، وەکوو کورد و بەلوج، هەربۆیە زۆر گرنگە بە شێوەیەکی دیار و رۆشن رەخنە لەو پێشلکاریانە بگیرێت".

وەزیری دەرەوەی سوێد هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی کوشتن و لە سێدارەدان لە ئێران دەخاتەڕوو و دەڵێ، سوێد رەخنە بەگشتی لە بەکارهێنانی سزای کوشتن دەگرێت بە هەموو شێوازەکانی، بەپێی بۆچونی سوێد سزای کوشتن سزایەکی نا مرۆڤیانە و بەزەبرە و لە گەڵ پرنسیپەکانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرندا ناگونجێت.

کارڵ ئاشکراشی دەکات لەم رۆژانەدا بەرپرسی بەشی یاسایی وەزارەتی دەروەی سوێد لە ئێران بووە بۆ ئەوەی لەگەڵ نوێنەرانی باڵای ئێراندا باس لە پرسی مافی مرۆڤ بکات،  هەر لەو دانیشتنانەدا باسی سزای کوشتن کراوە و هەڵوێستی سوێد بە روونی راگەیێنراوە، بەتایبەتی پاش بەرزبونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکان. باس لەوەش دەكات، ئەم پرسەیان پێ گرنگە و بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بەتایبەت لەکاتی هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سوێد لە ئایندەیەکی کورتدا، ئەم جۆرە دانشتنانە دەکرێن و وەک هەوڵێکی هەمیشەیی سوێد ببینرێت بۆ تیشک خستنەسەر تاوانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا و هەوڵ دان بۆ گۆڕانکاری لەو بارەیەوە.

هەروەها سەبارەت بەو هەڵوێستە تازەیەی وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر ئێران وەزیری دەرەوەی سوێد گوتی، ئەو شێوە کرانەوەیەی کە ئێستا لە گەڵ ئێران هەیە بۆ گفتوگۆ هەنگاوی پۆزەتیڤ و گرنگن، بەڵام نابێ بەرپرسیاریەتیمان لە داکۆکیکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کەمبکاتەوە، سوێد بەردەوام دەبێت لە رەخنەگرتن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کار دەکات بۆ نەهێشتنی سزای کوشتن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە