چیرۆکی دوو منداڵی ئاوارەی کورد كە لە فەرەنسا چارەسەردەكرێن

24-10-2014
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن کورد فەرەنسا
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوو منداڵی كورد، خوشك و برایەك كە لە ئەنجامی هێرشەكانی چەكدارانی داعش بۆ سەر باشووری كوردستان و بەهۆی گوللە و پارچەوە كە بەریان كەوتبوو زۆر بە سەختی بریندارببوون، ئێستا رەوانەی فەرەنسا كراون بۆ ئەوەی چارەسەری تەواویان بۆ بكرێت.

ئەو منداڵانە سەرەتا لە هەولێر نێردرانە كلینیكی تایبەتی فەرەنسى بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بكرێت و وەك هەموو منداڵانی دیكە رەوشی تەندروستیان بگەڕێتەوە سەر باری ئاسایی، بەڵام نە لە هەولێر و نە لە عێراق نەتوانرا چارەسەریان بۆ بكرێت، بۆیە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو كلینیكە فەڕەنسییەوە نێردرانە فەڕانسا بۆ ئەوەی چارەسەری تەواویان بۆ بكرێت .

لە فەرەنسىا بنەماڵەیەك ئەم دوو منداڵەی گرتوونەتە خۆی، وەك خۆیان دەڵێن بە هەموو شێوەیەك خزمەتیان دەكەن بۆ ئەوەی نەهێڵن لە هیچ شتێكیان كەمبێت و هەست بە تەنهایی بكەن لەو وڵاتەدا ، ئەوان هەر لەسەر بنەمای كولتووری كورد ئەم منداڵانە بەخێو دەكەن و ئەمەش بە ئەركی خۆیان دەزانن.

بەڕێوەبەرانی كلینیكە فەرەنسییەكە كە ئەو منداڵانەیان بردوونەتە فەڕانسا، ئاماژە بەوەدەكەن دەسكەوتنی بنەماڵەیەكی لەمشێوەیە لە فەرەنسا كارێكی زۆر گرانە، ئەم بنەماڵەیە زۆر بە خەمی منداڵەكانەوەن و بە بەردەوام سوپاسی ئەو كەس و لایەنانە دەكەن كە سەرقاڵی چارەسەكردن و نەشتەرگەرین بۆ ئەو منداڵانە، ئەوان بە راستی ئەو منداڵانەیان خۆشدەوێت و هاوكاریان دەكەن .

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، چەكدارانی  داعش ، هێرشیان كردە سەر موسڵ و دواتر بۆ سەر باشووری كوردستان، بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك كوژران و ئاوارەبوون، ژمارەیەكی زۆر منداڵیش بێ سەرپەرشت بوون، بەتایبەتی لە شنگال هەندێك منداڵ لە برسان گیانیان لەدەستداو هەندێكیش بەهۆی ئەوەی بەسەریان هات تووشی جۆرەها نەخۆشی بوون، كە نەخۆشیەكانیان ناتواندرێت لەم وڵاتە چارەسەربكرێت . ئەم خوشك و برایەش كە ئێستا لە فەرەنسان، دوو كەسن لەو سەدان منداڵەی بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە زیانیان پێگەشتووە و ئێستا لە فەرەنسا نەشتەرگەریان بۆ دەكرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە