پەرلەمان كەتەلۆنییەكانی شەرمەزاری كورد كرد

23-07-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کورد كەتەلۆنیا
A+ A-
ئەلێكساندرا دی ستیفانۆ 
رووداو- بەرشلۆنە
 

رەتكردنەوەی سەربەخۆیی بۆ كوردستان لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی كەتەلۆنیای ئیسپانیا كە كار بۆ هەمان ئامانجی سەربەخۆیی دەكات، بەرەوڕووی رەخنەی زۆری كورد و كەتەلۆنییەكان بووەوە. كەتەلۆنییەكان داوای سازدانی رێفراندۆمێك بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا دەكەن كە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. لەكاتێكدا عێراقیش بەرەوڕووی قەیرانێكی قووڵ بووەتەوە، دانیشتووانی هەرێمی كوردستان نیازی خۆیان بۆ سەربەخۆیی لەڕێی سازدانی رێفراندۆمەوە راگەیاندووە. 

هەفتەی رابردوو پەرلەمانتارانی هەرێمی كەتەلۆنیا پرۆژە بڕیارێكیان رەتكردەوە كە تایبەت بوو بە پشتیوانی لە مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ كورد و فەلەستینییەكان و بیابانی رۆژئاوا لە مەغریب. ئەو پرۆژەیە لەلایەن گرووپی (GP Mixt) پێشنیاز كرا كە لە چەند گرووپێكی چەپی ئەو هەرێمە وەك EUiA_ICV و گرووپی كەپ پێكدێت. 

پارتی دەسەڵاتداری راستڕەوی هەرێمەكە (CIU) كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانە ‌و داوای ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ كەتەلۆنیا دەكات، لە پشت ئەو دەنگدانەوە بوو. بەڵام پارتی سۆسیالستی كەتەلۆنیاش خۆی بەدوورگرت لە دەنگدان بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ كوردستان، كەچی پشتگیری لە سەربەخۆیی فەلەستینیەكان و سازدانی ریفراندۆم لە بیابانی رۆژئاوا كرد. 

هەندێك لەو پارتانەی كە لەدژی پرۆژەكە دەنگیان دابوو، لەلایەن میدیای ئیسپانیاوە بە جێبەجێكردنی سیاسەتی ''دووڕوویی'' تاوانباركران. ئەمە جگە لەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەو پەرلەمانتارانە بە ''دووڕوو'' ناوبران.

CIU لە ئیسپانیا كە لە چەند پارتێكی چەپ پێكدێت، دەیەوێت لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا داوا لە حەوت ملیۆن و نیو دانیشتووی كەتەلۆنیا بكات دەنگ بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا بدەن. بەڵام مەدرید ئەو داوایەی رەتكردووەتەوە و بە "نادەستووری" ناوی دەبات. 

"خەڵكی كوردستان چاوەڕێی پەرلەمانتارانی هەرێمی كەتەلۆنیا ناكەن بۆ بڕیاردان لە داهاتوویان". ژان میرزۆ كە گۆرانیبێژێكی بە رەچەڵەك كوردی دانیشتووی بەرشلۆنەیە، لە لاپەڕەكەی خۆی لە فەیسبووك نووسیبووی ''بۆچوونی ئەوان حیسابی سفری بۆ دەكرێ،'' میرزۆ بە سەرسوڕمانەوە نووسیبووی ''چۆن دەتوانن بەو عەقڵیەتەوە داوای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی خۆیان بكەن". 

پیتەس سایلەس، كە كەتەلۆنییە لە پۆستێكدا نووسیویەتی "هەست بەشەرمەزاری دەكەم بەهۆی ئەم هەواڵەوە. ئەم خەڵكانەی ناو پەرلەمان دووڕوون. هەستكردن بە قێزەونی بەس نییە". 

دانی رۆڵدان، نوێنەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە سەنتەری ئێسكار بۆ كەمینەكان و نەتەوەكان لە بەرشلۆنە، بە (رووداو)ی گوت، رێكخراوەكەیان لەسەر بیرۆكەی مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ كورد كاری كردووە "ئێمە پێمانوایە گرنگە بۆ ستراتیژی دیپلۆماتی كەتەلۆنییەكان هاوپەیمانی ببەستن لەگەڵ ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان نییە. ئێمە نابێت چاوەڕێی ئیسرائیل یان عێراق بكەین، تا پێشبینی بكەین لە بەرامبەردا ئەوان پشتگیری لە سەربەخۆییەكەمان دەكەن یان نا". 

كورد سكات، ماڵپەڕێكی كەتەلۆنی زمانە كە لەلایەن كۆمیتەی سۆڵیدارێتی كوردستان -كاتالیان بەڕێوەدەبرێ، نووسیویەتی: پرۆژەكە بۆیە شكستی هێنا، چونكە GP Mixt هەوڵیداوە سوود وەربگرێ لەو هاوسۆزییەی بۆ كورد هەیە لە پەرلەمانی كەتەلۆنیا تاوەكو بەزۆر كێشەی فەلەستین بخاتە سەر هەمان پڕۆژە یاسا. "لەوبڕوایەداین ئەگەر پرۆژەكە تەنیا دەربارەی نەتەوەی كورد بووایە، پەسەند دەكرا،'' ئەمە قسەی زۆردی لۆپێز، بەڕێوەبەری ماڵپەڕەكەیە.

"كورد زیرەك و ئارامگرن" لویس باست، نووسەر و شرۆڤەكاری رۆژنامەی EL PAIS لە وتارێكدا دەڵێت "نەتەوەیەكی نوێ بەرەو راگەیاندنی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، ئەم نەتەوەیە كەتەلۆنیا نییە و قەتیش نابێت، بەڵكو ئەو نەتەوەیە كوردە، كاتێك مالیكی ناتوانێ یەكێتیی عێراق بپارێزێت". ئەو نووسەرە گەلی كوردی لە باشووری كوردستان بە "گەلێكی زیرەك و خۆڕاگر" وەسفكردووە و دەڵێت "سەرۆكەكەیان مەسعود بارزانی، داوای لە پەرلەمان كردووە كار بۆ رێكخستنی ریفراندۆم بكەن، بەڵام ئەو لە دژی ئەوەش نییە كە رێككەوتننامەیەك هەبێت كورد لە چوارچێوەی عێراقدا بپارێزێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە