لە سوێدەوە هاوكاری بۆ خێزانی هوجام سورچی كۆكرایەوە

21-02-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن سوید هوجام سورچی
A+ A-

رووداو – هەولێر

لە ماوەی رابردوو، لە وڵاتی سوێدەوە كەمپەینێك بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ خێزانی شەهید هوجام سورچی راگەیاندرا، کەمپەینەکە چەندین رۆژ بەردەوامی هەبوو و لە لایەن هونەرمەند بڵند عەبدوڵا سەرپەرشتی كرا و هەینی، 20 –ی شوباتی 2015
کۆتایی پێهات.

بڵند عەبدوڵڵا لە ستۆكهۆڵمەوە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوێدەوە، كەمپەینێكمان لە ژێر ناوی (ئێمە هەموومان هوجامین) راگەیاند و لە رێگەی حیسابی بانكی پارەمان بۆ خێزانی ئەو شەهیدە كۆكردەوە".

لە بارەی كەمپەینەكەوە بڵند عەبدوڵڵا زیاتر گوتی :"ئێمە زانیاریمان هەیە كە خێزانی ناوبراو لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژی، بۆیە هەر نەبێ هەوڵدەدەین هاوكارییان بكەین، چونكە هوجام لە پێناو ئێمەی كورد گیانی خۆی بەخشی".

بڵند عەبدوڵڵا خۆی سەرپەرشتی كەمپەینەكەی كرد و سەرجەم كارەكان و هاوكارییەكانیش بەڤیدیۆ دۆكۆمێنت كراون و بڵاودەكرێنەوە "ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵك بڕوای زیاتری بەسەلامەتی گەیاندنی كۆمەكەكان هەبێت".

ئەم هونەرمەندە زیاتر دەڵێت :"سوپاس بۆ خوا هاوكارییەكەمان بەسەلامەتی لە رێگەی بەرێز بۆتان عەبدوڵا، یاریدەدەری کونسوڵی سویدی لە هەولێر گەیاندە دەستی خێزانی هوجام سورچی كە بڕی 5200 $ دۆلاری ئەمەریكی بوو".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە