رووداو ـ msn
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا حکومەتی سعودیە داوا لە مسوڵمانانی سەرتاسەری جیهان دەکات جێبەجێکردنی فەریزەی حەج و سوننەتی عومرەی ئەمساڵیان دوابخەن، ئەویش بەهۆی کارەکانی فراوانکردنی مەككەوە.
حکومەتی سعودیە لە چەندین بەیاننامەدا لە رێگەی کەناڵی ئاسمانی قورئانی پیرۆز، کە کەناڵێکی سەر بە حکومەتەو راستەوخۆ بەرنامەکانی لەناو مەككەو مەدینەوە پەخش دەکات، داوای لە مسوڵمانان کردووە بەهۆی قەرەباڵخی زۆرەوە جێبەجێکردنی حەج و عومرەی ئەمساڵیان دوابخەن.
شێخ عەبدولعەزیزعەبدوڵڵا، موفتی شانشینی سعودیەو سەرۆکی دەستەی گەورە زانایانی ئەو وڵاتە، بڕیاری حکومەتی بە ئەرێنی وەسفکرد سەبارەت بە کەمکردنەوەی ژمارەی حاجییان بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵ و گوتی: "پێویستە بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، چونکە لە بەرژەوەندی هەموواندایە".
گوتیشی: "ئەو فراوانکردنە شتێکی باش و بەسوودەو بۆ بەرژەوەندی حاجییانە تاوەکو بتوانن بەئاسانتر فەریزەکانیان جێبەجێ بكەن".
دووپاتیشیکردەوە "پێویستە هەموولایەک رێز لەو بریارە بگرن و جێبەجێی بکەن، چونکە جگە لە خێرو چاکە بۆ مسوڵمانان هیچ مەبەستێکی دیکەی لەپشت نییەو بۆ بەرژەوەندی گشتییە".
پێشتریش چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە وەزارەتی حەج بڕیاریداوە لەماوەی مانگی رەمەزانی داهاتوو ژمارەی عومرەکارانی دەرەوەی شانشینی سعودیە کەمبکاتەوە، هەروەها بڕیاریشیداوە لە ماوەی 15 رۆژ زیاتر نابێ کەس بمێنێتەوە ئەویش بەهۆی کارەکانی فراوانکردن لەناو حەرەمی مەککە.



