رووداو-DW
سەرۆكی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی G8 لە دانیشتنی ئێرلەندای باكوور، رێككەوتن لە سەر ئەوەی دەبێت حكومەتی ئینتیقالی لە كۆنفرانسی جنێڤ 2 دەستنیشانبكرێت.
رۆژی سێشەممە 18-6-2013 سەرۆكی وڵاتانی گرووپی ناسراو بە "G8" كە پێكهاتووە لە 8 وڵاتی پیشەیی جیهان، لە دووەمین رۆژی كۆبوونەوەكەیان لە ئێرلەندای باكوور رێككەوتن لەسەر ئەوەی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا كۆتایی پێبێت.
بەپێی زانیاریی ئاژانسە هەواڵییەكان، كە لەسەر زاری بەشداربووان لە كۆبوونەوەی "G8" بڵاویانكردەوە، بڕیار وایە لە كۆنفرانسی جنێڤ 2 دەوڵەتی ئینتیقالی لە سووریا دروستبكرێت.
سێرگی ریباكۆف، جێگری وەزیری بەرگری رووسیا، گوتی "كۆتاییهاتن بە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا تەنها لە رێگەی سازكردنی كۆنفرانسی جنێڤ 2 بە ئەنجام دەگات".
كۆنفرانسی نێودەوڵەتی جنێڤ 2 بە پێی پێشنیازی هاوبەشی ئەمریكا و رووسیا و بە بەشداری نوێنەرانی دەوڵەتی سووریا و هەموو لایەنەكانی بەرهەڵستكاری ئەو وڵاتە دەبەسترێت، بەڵام تاوەكو ئێستا كاتەكەی دیاری نەكراوە.
جێگری وەزیری بەرگری رووسیا گوتیشی:"وڵاتەكەی لەو كۆبوونەوەیەدا نەیهێشتووە باس لە داهاتووی سەرانی رژێمی بەعسی سووریا بكرێت".
لە یەكەمین رۆژی ئەو كۆبوونەوەیەدا، دەیڤید كامیرۆن،سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆك كۆماری رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەی بەشداربووانی كۆبوونەوەی "G8" لەسەر چەند خاڵی سەرەكی رێككەوتن، لەوانە: كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی و خوێنڕشتن ،رێگرتن لە دابەشبوونی سووریا ، شەڕ لەگەڵ گرووپە توندڕەوەكان و درووستكردنی بارودۆخێك بۆ ئەوەی گەلی سووریا بتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن.
گرووپی (G8) لە وڵاتانی ئەمریكا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، كەنەدا و رووسیا پێكهاتووە و رێبەری ئەو وڵاتانەش هەموو ساڵێك پرسە سیاسی و ئابوورییەكانی جیهان تاووتوێ دەكەن.



