رووداو- واشنتن
لێرە لە واشنتن پرسیارێك لەنێو شارەزایانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەكرێت. بۆچی ئەمریكا كە چەند رۆژێك پێش ئێستا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی تیرۆرەوە ئامادەنەبوو بەرگری لە كورد بكات كاتێك میلیشیاكانی لایەنگری ئێران لە كەركووك هێرشیانكردە سەر؟
لە وەزارەتی دەرەوە، وەڵامەكە روون بوو: لە خۆتان بپرسن.
هێزەر نۆوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "ئەوەی من تێگەیشتووم ئەوەیە كە ئەم كارە بە هاوئاهەنگی كراوە. كورد ئاگاداربوون لەو جوڵانەی دەكران".
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا وردەكاری زیاتری لەسەر ئەو شكستەی لابوو كە بەسەر كورد هاتووە.
رایان دیلۆن، گوتەبێژی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا (پنتاگۆن) رایگەیاند: "ئەوەی دیومانە بریتیبووە لە رادەستكردنەوەی ئاشتیانەی ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك . بەتایبەتی دەتوانم باسی فڕۆكەخانەی K1 بكەم كە هێزی ئێمەی لێبووە. ئەوەی روویدا ئەوەبوو كە هێزەكانی دژەتیرۆر هاتن و كارەكە بەهاوئاهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزە ئەمنییەكانی كورد ئەنجامدرا".
بەڵام رێگەدان بە هێزێك كە فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران مەشقی پێكردوون هێرشبكاتە سەر كورد پرسیاری لەسەر هاوپەیمانێتی ئیدارەی ترەمپ و كورد دروستكردووە.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا پێش ئەوەی ببێتە سەرۆك رەخنەی لە ئیدارەی ئۆباما دەگرت كە "خراپ مامەڵە" لەگەڵ كورد دەكات، بەڵام لەبارەی گرژییەكانی كەركووكەوە گووتوویەتی كە خەمبارە بۆ رووبەڕووبوونەوەكانی نێوان كورد و هێزە عێراقییەكان، ئەمریكا بێ لایەنی هەڵدەبژێرێت.
دۆناڵد ترەمپ گوتی "حەز لەو راستییە ناكەین كە دەبینین رووبەڕووبوونەوە روودەدات . ئێمە لایەنگیری هیچ لایەكیان ناكەین . پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ كورد هەبووە بۆ چەندین ساڵ ، هەروەها پشتیوانی عێراقیشمان كردووە. بەڵام دەبووایە هەر لەسەرەتاوە ئێمە نەچووباین بۆ عێراق".
بەلای هەندێك پسپۆڕی ئەمریكییەوە، نەبوونی یەكڕیزی ماڵی كورد جارێكی دیكە وەك رابردوو بووەتە بەربەست لەبەردەم خەونی وەدیهێنانی دەوڵەتی كوردستان .
دانێڵ سەروەر، مامۆستای سیاسەتی نێودەوڵەتی زانكۆی جۆنز هۆپكینز دەڵێت: "ئەگەر ئەو جۆرە یەكڕیزییە نێوخۆییەت نەبێ كە رێگەت بدات چەند مانگێك پێشتر پڕۆژە یاسا لەسەر گشتپرسی پێشكەشبكەیت و هەموو هێزەكانی كوردستان بەشداربن لەو بڕیارەدا، ناكرێت. ئەمانە شتی زۆر گرنگن".
لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك پسپۆڕ پێیانوایە ئەمریكا هەڵەیەكی ستراتیژی دەكات كە رێگەی بە فراوانبوونی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی داوە.
محەمەد ئەلیەحیا، پسپۆڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەنجوومەنی ئەتڵانتیك بە رووداوی راگەیاند: "چەندین پێكهاتەی گەورەی ناو حەشدی شەعبی هێندەی داعش بەربەرین. ئەوانە ئەو گرووپانەن كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی سەربازی و لۆجستی دەكرێن بەهەمان ئەو شێوەیەی پاڵپشتی حیزبوڵڵا دەكات".
كەركووك راستییەكی دەرخست كە سەرەڕای لەدەستدانی هەزاران سەرباز و ملیاران دۆلار لەلایەن ئەمریكاوە لە عێراق، كاریگەرترین هێزی عێراق ئێرانە، ئەمریكاش زۆرجار بەناچاریش بێت ئەو واقیعە قبوڵ دەكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ