لەندەن.. نوێنەری کەتەلۆنیا بۆ رووداو: لەگەڵ ریفراندۆمی کوردستانین

15-09-2014
هێمن مەلازادە
نیشانەکردن کەتەلۆنیا کوردستان
A+ A-

رووداو - لەندەن

نوێنەری هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ئەوان دژی کردەوەکانی داعشن لە عێراق و لەگەڵ ریفراندۆمی کوردستانیشدان.

جۆسیپ مانوێل سوارێز ئیبۆرا، نوێنەری هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا لە ببەریتانیا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێموایە هەموو وڵاتێک و هەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی هەیە ریفراندۆم بکات، بۆ ئەوەی بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات، ئەوە دیموکراسیەتی راستەقینەیە."

مانوێل راشیگەیاند؛ "کوردستان وڵاتێکە توانای ئەوەی هەیە سەیری ئاییندەی خۆی بکات و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە پێموایە کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە پێگەی شیاوی خۆی هەبێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا". هەروەها گوتیشی؛ "ئێمە سەپۆرتی ریفراندۆمی کوردستان و سکۆتلاند و کەتەلۆنیاش دەکەین".

لەبارەی هاوکارییەکانی دەوڵەتی ئیسپانیا بۆ کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی داعش، نوێنەری هەرێمی کەتەلۆنیا دەڵێت، "ئێمە تا ئەو ساتەش بەشێکین لە ئیسپانیا، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئیسپانیا کە چ بڕیارێک دەدات، بەڵام میللەتەکەمان زۆر نیگەرانە لەو کارانەی کە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(ناسراو بە داعش) ئەنجامی دەدات و بەتایبەتیش ئەو رەفتارانەی بەرامبەر کەمینەکانی ناوچەکە ئەنجامیان دەدات".

جۆسیپ مانوێل  دەشڵێت،"پێمانوایە لە کۆتاییدا کورد کێشەی خۆیان چارەسەردەکەن و پێگەی خۆیان لە عێراق دەدۆزنەوە و دەبنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناوچەکەدا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە