ئۆباما مەدالیای ئازادی دەبەخشێتە جۆ بایدن

13-01-2017
عومەر شایان
نیشانەکردن ئۆباما جۆ بایدن ئەمریکا
A+ A-

رووداو- واشنتن

سەرۆکی ئەمریکا بەرزترین مەدالیای رێزلێنان لە هاووڵاتیانی ئەمریکا کە بە مەدالیای ئازادی ناودەبرێت، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا دەبەخشێتە جێگرەکەی خۆی. بەپێی هەواڵێکی نیویۆرک تایمز بایدن ئاگای لەو هەڵبژاردنە نەبووە و شۆک بووە.


ئێوارەی پێنجشەممە 12-1-2017 جۆ بایدن و باراک ئۆباما بۆ رێزلێنان لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە، لەو رێوڕەسمەدا ئۆباما لە گوتەیەکدا سوپاسی جێگرەکەی کرد و گوتی: "بە شانازییەوە و بۆ دوایینجار وەک سەرۆکی ئەمریکا بەرزترین مەدالیا دەبەخشم".


بایدن لەوکاتەدا سەیری دەورووبەری خۆی کرد و دواتر زانی کە مەبەستی ئۆباما بەخشینی مەدالیایە بەو بۆیە لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە شۆک بووە. ئۆباما گوتی: "ئەو مەدالیایە بۆ خۆشەویستی تۆ بۆ وڵاتەکەت و تەمەنێک خزمەتت، پیشکەش بە تۆی برام دەکەم".



مەدالیای ئازادی بەرزترین مەدالیایە لە ئەمریکا کە بە کەسانی مەدەنی دەدرێت، هەڵۆیەکی زیو لەسەر مەدالیاکەیە، بەڵام بەرزترین پلەی ئەو مەدالیایە هەڵۆیەکی زیڕە کە جگە لە جۆ بایدن تاوەکو ئێستا سێ کەسی دیکە وەریان گرتووە ئەوانیش پاپا جۆن پۆلی دووەم، رۆناڵد رەیگان سەرۆکی پیشووتری ئەمریکا و کۆڵن پاوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەردەمی بوش.


بایدن لەدوای وەرگرتنی ئەو مەدالیایە سوپاسی ئۆبامای کرد و گوتی، ئەو بە سەربەرزییەوە خزمەتی بە گەلەکەی کردووە و شایستەی ئەو رێزلێنانە نییە. ئۆباما بایدنی بە شێرەکەی مێژووی ئەمریکا ناوبرد و سوپاسی خزمەتەکانی کرد وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەک سیناتۆرێک.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە