رووداو - برۆکسل
زیاتر لە هەزار کۆچبەر لە پارکێکی نزیک فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەژین، بەشێکی زۆری ئەو پەنابەرانە بەشێوەیەکی کاتی لە برۆکسلن و دەیانەوێت لەوێوە بگەنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، ئەو کۆچبەرانە نازانن تا کەی لەوێ دەمێننەوە و کەی دەخرێنە ناو کەمپەوە. لەکاتێکدا لە دۆخێکی خراپدان و لەلایەن رێکخراوە خۆبەخشەکانەوە هاوکاریان پێشکەش دەکرێت، خۆبەخشەکانیش گلەیی لە حکومەتی بەلجیکا دەکەن کە وەک پێویست یارمەتی ئەو کۆچبەرانە نادات.
ئەو پارکە تەنها چەند سەد مەترێک لە فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دوورە، بەهۆی مانەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەران، ئیدی پارکەکە سیمای خۆی لەدەستداوە و وەک کەمپێک خۆی دەنوێنێ ، ئەو پەنابەرانەی لێرەن بەشێکی زۆریان برۆکسل وەک ترانزێت دەبینن و دەیانەوێت لێرەوە بگەنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ، ئەو خۆبەخشانەی یارمەتی پێشکەش بە پەنابەران دەکەن گلەیی لە حکومەتی بەلجیکا دەکەن کە وەک پێویست یارمەتی ئەو پەنابەرانە نادات .
ژمارەی پەنابەرەکانی ئەم پارکە گەیشتوونەتە زیاتر لە هەزار کەس، بەڵام هێشتا حکومەتی بەلجیکی کاری جددی بۆ ئەو پەنابەرانە نەکردووە ، بۆیە نازانین تاکەی ئەم پەنابەرانە دەبێت لێرە بمێننەوە.
لەناو ئەو پارکەکە خێمەی چەندین رێکخراو و کۆمەڵگەی تەندروستی و خێرخوازی خۆبەخش دەبینی، کە یارمەتی جۆراوجۆر پێشکەش بە پەنابەران دەکەن ، ئەوە جگە لە هاوکارییەکانی خەڵکی ئاسایی و چین و توێژەکانی ئەو وڵاتە.
یەکێک لە پەنابەرەکان دەڵێت:" من رۆژانە دوای نیوەڕۆ بۆماوەی چوار کاژێر دێم بۆ ئێرە بۆئەوەی خۆبەخشانە یارمەتی تەندروستی پێشکەشی ئەو پەنابەرانە بکەین ، بەشێوەیەکی گشتی باری تەندروستی پەنابەران باشە، بەڵام زۆربەیان لە رێگە تووشی ماندووبوونی ئێسک بونە و هەروەها هێشتا شۆک و ترس و سترێسی رێگاکە بەرینەداون ئەوەش باری دەروونی ئەوانی زۆر خراپ کردووە وا دەردەکەوێت ئەوانە لە رێگە تووشی دەردەسەری و نەهامەتی زۆر بوونەتەوە و تا ماوەیەکی درێژ کاریگەری نەرێنی بەسەر دەروونیانەوە دەمێنێت".
ئەو هاونیشتیمانییە کوردانەی کە ساڵانێکە لێرەن و ئێستا خاوەن رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن و هەرچۆنێک ژیانێکی باشتریان لە پەنابەرەکانی ئێستا هەیە ، ئەوانیش لێر دەبینرێن و هاتوون بەپێی توانا هاوکاری پێشکەش بەو پەنابەرە کوردانە بکەن کە لەو پارکە دەمێننەوە.
ئەو گەنجە کوردانەش کە بەهۆی بچووکی خانووەکانیان ناتوانن هیچ کەسێک بباتەوە بۆ ماڵەوە تا هیچ نەبێت شەوێک پشووبدات ، بەشێوەی دیکە و بەهاوکاری هاورێ ئەوروپیەکانیان یارمەتی بۆ پەنابەران کۆدەکەنەوە.
هەندێکی دیکەش لەو گەنجە خۆبەخشانەی کە توانای ماددییان نیە و ناتوانن پێداویستی پەنابەران دابین بکەن بە میوزیک و گۆرانی کەش و هەوایەکی دیکە بۆ پەنابەران دەڕەخسێنن.


