پەرلەمانتارانی سوید تیرۆری کاوە گەرمیانی مەحکوم دەکەن

08-12-2013
عومەر شایان
نیشانەکردن کاوە گەرمیانی
A+ A-
رووداو- هەولێر
    
سێ پەرلەمانتاری سوید، تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی مەحکوم دەکەن و بەرپرسیارەتی ئەو تیرۆرە دەخەنە پاڵ سەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

جەبار ئەمین، ئەنیکا  لیلەمێتس و ڤاڵتەر موت ، سێ پەرلەمانتاری پەرلەمانی سوید، لە بەیاننامەیەکدا, کە ئەمڕۆ یەکشەممە 8-12-2013 بڵاوکراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ (رووداو) نێردراوە رایانگەیاندووە: "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەوان کاوە گەرمیانیمان پێگەیشت، کە لە شاری کەلاری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تێرۆرکرا. ‌هەواڵی ئەوەشمان پێگەیشتووە کە لەماوەی پێشتردا کاوە گەرمیانی لە ڵایەن هەندێک لە سەرانی یەکێتی نیشتیمانییەوە هەڕەشی کوشتنی لێکراوە."

لە درێژەی بەیاننامەکەدا، ئەو تیرۆرکردنە بە مەترسییەک لەسەر پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان زانراوە و هاتووە :"ئێمە تیرۆرکردنی رۆژنامەوان کاوە گەرمیانی بەتوندی مەحکوم دەکەین. تێرۆرکردنی رۆژنامەوان هەوڵێکە بۆ تێرۆرکردنی دیموکراسی و ئەمەی، کە کراوە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان."  

‌ئەو پەرلەمانتارانە بەرپرسیاریەتی تیرۆرکردنەکە دەخەنە پاڵ سەرکردایەتی یەکێتی و پێیانوایە: "هەندێک لەسەرانی یەکێتی بێ هیچ سزایەک رێگەیان پێدراوە هەڕەشە لە رۆژنامەوان کاوە گەرمیانی بکەن، هەربۆیەش بەرپرسیاریەتییەکی گەورە ئێستا لە سەر شانی گشت سەرانی یەکێتییە."

سێ پەرلەمانتاری پەرلەمانی سوید بە گرنگی دەزانن بکوژانی کاوە گەرمیانی بە زووترین کات بدۆزرێنەوەو دەڵێن: "لەم ساڵەی دواییەدا چەند کەسێک تیرۆرکراون لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی. ئەمە هەڵ و مەرجێکی ترسناکە. ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە، ئەو سەرانەی یەکێتی کە بەرپرسن و تێکڵاو بوون لە هەڕەشەکردن لەو رۆژنامەوانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. گرنگە کە بکوژانی کاوە گەرمیانی بەزوترین کات بدۆزرێنەوە، لەڵایەکەوە بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری و لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی، ئارامی هەرێمی کوردستان هێندەی دیکە تێکنەچێت،  چونکە دەبێت ئەوە بزانرێت، کە نائارامی لەهەرێمی کوردستان لەوانەیە ئەوە لەگەڵ خۆیدا بێنێت، کە هاووڵاتییان داوای تۆڵەسەندنەوە بکەن لە بەشێک لە سەرانی یەکێتی نیشتیمانی."

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیاندا، ئاڕاستەی قسەکانیان دەکەنە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و داوا دەکەن، "سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەبێت کوتایی بەم تێرۆرە بێنێت، کە ماوەیەکە هەیە لە  ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی. ئەو بەرپرسە سیاسییانەی کە دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان
لە رێگەی تیرۆری هاووڵاتییانەوە بچەسپێنن، لەوانەیە خۆیان سبەینێ ببنە قوربانی توند و تیژی، و نمونەی ئەمەش لەمێژودا زۆرە."

جەبار ئەمین، ئەنیکا  لیلەمێتس و ڤاڵتەر موت لە کۆتاییدا باس لەوە دەکەن، کە ئەم جۆرە کارانە بە زەرەر دەزانن بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رایدەگەیەنن: "ئێمە لە مێژەوە پشتگیری خەباتی رەوای خەڵکی کوردستانمان کردووە لە پێناوی دابینکردنی مافی مرۆڤ، دیموکراسی و مافی چارەنوس، زۆر نیگەرانین لەم تیرۆرەی کە لە وەدەچێت هەندێک پشتگیری رەسمی هەبێت. ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە ئەوەی دەگوزەرێت زەرەر بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی."

کاوە گەرمیانی، سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ،  شەوی پێجشەممە 5.12.2013 لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە قەزای کەلار، بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە