رۆژنامەنووسێكی ئەمریكی كە شارەزای سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە لە گۆڤاری (نیویۆركەر)ی ئەمریكی دەڵێت، كە بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوە پێیگوتووە كە ئەمریكا بەنهێنی خەریكی یارمەتیدانی چەكداركردنی پێشمەرگەیە دژی چەكدارانی داعش.
جۆرج پەكەر، كە تائێستا چەند كتێبێكی نووسیوە و یەكێكیان لەسەر (شەڕی 2003ی عێراق)بووە ، لە راپۆرتێكدا باسی بەسەرهاتی كوردێكی ئێزدی دەكات بە ناوی كەریم كە هاوڕێیەتی و پێشتر لەگەڵ سوپای ئەمریكا كاریكردووە و یەكشەممەی رابردوو لە ترسی داعش شنگالی بەجێهێشتووە.
پەكەر لە (نیویۆركەر) دەنووسێت "كاتی ئەوە هاتووە كە ئەمریكا یارمەتی كورد بدات، هۆكاری ئەوەی كە پێشمەرگە لە شنگال كشاوەتەوە ئەوەبووە كە پێشمەرگە كڵاشینكۆفی پێیە، كەچی داعش چەكی پێشكەوتووی پێیە كە لەسوپای عێراقی گرتووە".
جۆرج پەكەر دەشڵێت "كورد تەنیا هاوپەیمانی موسڵمانی عەلمانییە كە ئەمریكا لە ناوچەكە هەیەتی و حكومەتێكی فرە لایەنی هەیە و پێویستە ئەمریكا یارمەتییان بدات لەبەرئەوەی كورد خوازیارن بەرەنگاری ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە ببنەوە، كە لە تاكتیك و ستراتیژی رێكخراوی قاعیدەی تێپەڕاندووە".
جۆرج پەكەر لە راپۆرتەکەدا دەنووسێت:"زانیاریم پێگەیشت كە ئەمریكا لەڕاستیدا خەریكی ناردنی چەكە بۆ كورد ، بەڵام نەك بە ئاشكرا. ئەمە هەواڵێكی دڵخۆشكەرە ئەگەرچی ئەو چەكانە لەكاتی خۆیدا نەگەیشتنە دەست پێشمەرگە بۆ ئەوەی بەرگریی لە شنگال بكەن".
لەبارەی بەسەرهاتی ئەو كوردە ئێزدییە ، پەكەر دەنووسێت "كەریم هەموو بەڵگە و وێنەكانی دەسووتێنێت لەبەرئەوەی ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر داعش ئۆتۆمبێلەكەی بوەستێنێ یان ماڵەكەی بپشكنن ، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكییەكان دەبێتە مەترسی بۆی".
كەریم لەباسی ئەو ئێزدیانەی كە هەڵاتوون بۆ شاخی شنگال دەڵێت:"جیهان گوێناداتە ئێمە. لە رۆژێكدا زیاتر لە 2000 ئێزدییان كوشت لە شنگال ، كەچی هەموو جیهان دەڵێن غەززە رزگار بكەن ، غەززە رزگار بكەن".
كەریم دەڵێ لە شنگالەوە لەگەڵ 250 ئۆتۆمبێلی دیكە بەڕێكەوتوون، بەڵام نەیانویستووە لە شوێنی سوننەنشینەكانەوە بڕۆن بەرەو كوردستان ، چونكە پێش هاتنی داعشیش ئەو عەرەبە سوننانە هەڕەشەبوون بۆ سەر ئێزدییەكانی ئەو ناوچەیە . كەریم دەڵێ بۆ ئەوەی بە ناوچە سوننەنشینەكاندا تێنەپەڕن ، ئەوان بەرەو سووریا بەرێكەوتن و بە یارمەتی چەكدارانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG لەو شوێنە دەربازیان بووە و دواتر بەرەو دهۆك بەڕێكەوتوون .
جۆرج پەكەر دەنووسێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی چاوی لەسەر غەززە و ئیسرائیلە، هەرچەندە ئەو خوێنڕشتنەی داعش كردوویەتی زۆر زۆرترە لەوەی لە غەززە و ئیسرائیل هەیە.
ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریكییە دەڵێت ، رۆژی سێشەممە بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیگوتووە كە خەریكن بۆ ئەوەی لە رێگەی فڕۆكەی سی130 یارمەتی بگوازنەوە بۆ ئاوارە ئێزدییەكان و هەروەها لەڕێگەی سەنتەری سەربازیی هاوبەشی ئەمریكا و كورد لە هەولێر خەریكن یارمەتی عێراقییەكان و كورد دەدەن بۆ ئەوەی پێكەوە هێرشبكەنە سەر داعش.
لەسەرەتای مانگی شەشەوە كە داعش هێرشی هێنا بۆ موسڵ ، بەرپرسانی حكومەتی ئۆباما گەنگەشەی هێرشكردنە سەر چەكدارانی داعشیان كردووە ، بەڵام دەستوەردان لەعێراق لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما ناخوێنێت . ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەو رۆژنامەنووسەی گوتووە كە یەكەم كاری لەپێشینەی سەرۆك ئۆباما ئەوەیە كە ئەمریكا یارمەتی عێراقییەكان بدات بۆئەوەی خۆیان دژی داعش بوەستنەوە.



