دەنیز سێرنجی
رووداو- ئەرمینیا
ئێزدییەكانی ئەرمینیا تووڕەن: یەكەم لەوەی كە هێرش دەكرێتە سەر هاوئاینەكانیان لە عێراق، دووەم لەسەر ئەوەی كە پێیاندەگوترێت ئەوان كوردن.
هەفتەی رابردوو ئێزدییەكانی ئەرمینیا خۆپیشاندانێكیان بۆ بەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا رێكخست بۆ پرۆتیستۆكردنی هێرشی سەر ئێزدییەكان لە عێراق.
خۆپیشاندانەكە لەلایەن یەكێتی ئێزدیانی ئەرمینیاوە رێكخرابوو، ئەو یەكێتییە بەوە ناسراوە كە پێیوایە ئێزدییەكان هیچ پەیوەندییەكیان بە كوردەوە نییە.
بەڕێوەبەری یەكێتی ئێزدیانی ئەرمینیا، عەزیز تامۆیان دەڵێت "ئێمە كورد نین. ئەوان كوردی قسە دەكەن، ئێمە ئێزدیكی قسە دەكەین. ئەوان خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، ئێزدییەكان بابلیی كۆنن".
نزیكەی 40 هەزار ئێزدی لە ئەرمینیا هەن. ئەوان لە كاتی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا لە سەدەی نۆزدە، وەكو پەنابەر روویان لە ئەرمینیا كردووە. ئێزدییەكان لە توركیاوە چوونەتە ناوچەی قەفقاسیا، زۆربەیان لە ئەرمینیا و ئازەربایجان و جۆرجیا دەژین.
بەلای تامۆیانەوە گرنگە كە ئێزدییەكان شوناسی تایبەت بەخۆیان هەبێت جیاواز لە كورد. هەرچەندە ئەم بۆچوونەی تامۆیان زۆر بڵاو نییە، بەتایبەت لە نێو ئەكادیمی و مێژوونووسەكاندا ئەم بۆچوونەی تامۆیان رەتكراوەتەوە.
ئێزدییەكان كەمینەیەكی ئاینیی نەتەوەی كوردن، هەربۆیە ناوبەناو رووبەڕووی هێرشی توندڕەوەكانی عێراق دەبنەوە.
تامۆیان پەنجە بۆ لاپەڕەی یەكەمی ژمارەیەكی رۆژنامەی ئێزدیكایا درێژ دەكات كە یەكێتی ئێزدیان دەریدەكات و تێیدا نووسراوە "نەتەوەی من ئێزدییە، زمانی من ئێزدیكییە، ئاینی من شەرەفەدینە".
ساڵی 2002 لەسەر داوای گرووپێكی ئێزدی كە تامۆیان سەركردایەتی دەكردن، پەرلەمانی ئەرمینیا ئێزدییەكانی وەكو گرووپێكی ئێتنیكی جیاواز ناساند و زمانەكەیانی بە زمانی ئێزدیكی ناساند.
لە زانكۆكانی ئەرمینیادا كوردی و ئێزدیكی وەكو دوو زمانی جیاواز دەگوترێنەوە. هەروەها ئێزدییەكان ئاڵای تایبەت بەخۆیان هەیە كە لە رەنگی سوور و سپی و خۆرێك لە ناوەڕاستی ئاڵاكەدایە و زۆر لە ئاڵای كوردستان دەچێت، تەنیا ئەوە نەبێت كە رەنگی سەوزی تێدا نییە. ئێزدییەكان رەنگی سەوز بە هێما بۆ ئیسلام دەزانن.
كوردناس، گارنیك ئاساتریان، لە زانكۆی دەوڵەتیی یەریڤان پشتگیری لە پڕۆژەكەی ئێزدیكایا دەكات بۆ نكۆڵیكردن لە شوناسی كوردیی ئێزدییەكان "ئێزدی و كورد دوو شوناسی تەواو جیاوازن. زمان پێوەرێكی یەكلاكەرەوە نییە. هەندێك گەل لە ئەفریقا بە ئینگلیزی قسە دەكەن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە ئەوان بەریتانین".
بەڵام ناڕەزایی لەسەر ئەم بۆچوونە هەیە، بەتایبەت چونكە ئێزدیكی بەتەواوی هاوشێوەی دیالێكتی كرمانجییە. فیلیپ كرێیەنبرۆك، مامۆستا و بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوە لەسەر ئێران لە زانكۆی گۆتینگن لە ئەڵمانیا دەڵێت "ئاشكرایە كە ئێزدییەكان كوردن. زمانی ئەوان، بە زمانی تێكستە پیرۆزەكەشیانەوە، كوردیی كرمانجییە. ئێزدیەكان بە رەچەڵەك خەڵكی ناوچەی لالشی كوردستانن".
بارزوو ئێلیاسی، لێكۆڵەر لە زانكۆی ئۆكسفۆرد لە بەریتانیا هاوڕایە لەگەڵ فیلیپ و دەڵێت "گومان لە كوردبوونی ئێزدییەكان نییە. كوردبوون مانای یەكڕەنگیی ئەو گەلە نییە. تورك و هەندێك كورد دەستیان لە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا هەبوو لە ساڵی 1915، لەبەرئەوە لە دۆخی ئەرمینیادا، بۆ ئەوەی خۆیان لە دووجار لۆمە بپارێزن، ئێزدییەكان خۆیان لە ناساندن وەكو موسڵمان و كورد دوور دەگرن". كوردی ئەرمینیاشە كە پێیانوایە ئێزدییەكان بەهۆی هەڵمەتی نزیكەی 100 ساڵی رابردووی میدیا و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەدژی موسڵمانانی كورد و تورك وەك ئەنجامدەری رەشەكوژییەكەی ساڵی 1915 لەسەردەستی دەوڵەتی عوسمانی، خۆیان لە شوناسی كوردی بەدوور دەگرن. بەڵام ئەمە هەموو هۆكارەكە نییە.
ماتیس بۆرنلوند، مێژوونووس و نووسەری چەندین كتێب دەربارەی ئەرمینیا دەڵێت، لە كاتی شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ لە ساڵانی 1991 -1994، ئێزدییەكان كەوتنە ژێر فشاری زۆرەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە كورد كە زۆرینەیان موسڵمانە بەدوور بگرن.
تیتالێ كەرەم، ئیدیتۆری رێیا تازە، یەكێك لە كۆنترین رۆژنامە كوردییەكان كە لە ساڵی 1932 لە ئەرمینیا دامەزراوە، خۆی وەكو "بە نەتەوە كورد، بە ئایین ئێزدی" پێناسە دەكات.
"بێگومان ئێمە كوردین. كوردی قسە دەكەین. بەڵام زۆر ئێزدی نایەنەوێت خۆیان وەكو كورد بناسێنن بەهۆی ئەو كۆمەڵكوژییەی كە لەلایەن كوردە نا ئێزدییەكانەوە لە بەرامبەر ئەوان و ئەرمەن كراوە".
لە دەرەوەی ئەرمینیا، زۆر لە دەزگا و رێكخراوە ئێزدییەكان لەگەڵ ئەم بۆچوونەی هاوئاینەكانیان لە ئەرمینیا نین.
یلماز یلدز، سەرۆكی كۆمەڵەی كەلتووریی ئێزدی لە دانیمارك دەڵێت "ئێزدییەكان لە رابردوودا و ئێستاش بەشێك بوون لە بزووتنەوەی بەرەنگاریی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا. ئەوان خۆیان بە كوردی رەسەن دەزانن و بەشێكن لە نەتەوەی كورد".


