ملیاردێرێکی کورد لە ئەمریکا نیوەی سامانی خۆی دەبەخشێتە ئاوارەکان

06-02-2016
مه‌جید نیزامه‌دین گلی
.
.
نیشانەکردن ملیاردێرێکی کورد
A+ A-

رووداو- نیویۆرک

ژمارەیەک لە بەدەسەڵاتترین و دەوڵەمەندترین کەسایەتیەکانی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ساڵانەی رێکخراوی خێرخوازیی بیل کلینتۆن کۆبوونەوە. ئەوان تەنیا چاوەڕێی بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا نەبوون. بەڵکو ئامادەبووان لە چاوەڕوانی گەنجێک بوون کە ئێستا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و سەرکەوتووترین کەسایەتییەکانی ئەمریکا.


ئەوەی جێگای سەرنجی میدیای ئەمریکی و جیهانییە تەنیا ئەوە نییە کە حەمدی ئولوکایا لە ماوەی 20 ساڵدا توانی لە گوندێکی باکووری کوردستانەوە بێتە ئەمریکا و پاشان ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسایەتیەکانی ئەو وڵاتە. 

بەڵکو میدیاکان زیاتر باسی ئەوە دەکەن کە چۆن حەمدی ساڵی پار بەڵێنیدا کە نیوەی سامانی خۆی کە دەکاتە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار ببەخشێتە ئاوارەکانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

حەمدی ئولوکایا لەپێناسەی خۆیدا دەڵێت: "من کوردم و خەڵکی تورکیام. من لە خێزانێک گەورە بووم کە پیشەیان دروستکردنی ماست و پەنیر بوو و مەڕ و ماڵاتیان بەخێودەکرد".

بیل کلینتۆن حەمدی وەکو میوانی شەرەف بانگهێشتی کۆڕبەندی ساڵانەی رێکخراوە خێرخوازییەکەی کردبوو. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەکو رۆژنامەنووسێک پرسیاری لە حەمدی دەکرد.

کلینتۆن پرسی: چی وای لێت کرد کە گرنگی بە قەیرانی ئاوارەکانی سووریا بدەیت و پارەیەکی وا زۆر ببەخشیت؟

حەمدی ئولوکایا لە وەڵامدا گوتی: "بەهۆی ئەوەی من خەڵکی ناوچەکەم و کاتێک بینیم ئێزیدییەکان لە چیای شنگال چیان بەسەر هات، کاتێک هێرشیان کرایە سەر و ئەو هەموو کچە رفێنران، کاتێک وێنەکانم لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بینی، وتم وڵاتی دایک بانگم دەکات و من دەبێت شتێک بکەم".

حەمدی دەڵێت: "چارەسەری قەیرانی ئاوارەکان لای کەرتی تایبەتە نەک تەنیا حکومەتەکان".

حەمدی ئولوکایا بەلانیکەمەوە توانی بابەتی ئاوارەکان بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەو توانی وا بکات کە رای گشتی ئەمریکا ئاگایان لەم قەیرانە هەبێت.

بەگوێرەی رێکخراوی کۆچبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا نزیکەی 60 ملیۆن کەس لە جیهان دەربەدەر و ئاوارەن.

حەمدی ئولوکایا کێیە؟

حەمدی ئولوکایا، ئەو کۆچبەرە کوردەیە کە لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندێکی بچوکی باکووری کوردستانە، دوای ئەوەی بەرەو ئەمریکا کۆچی کردووە، لە ساڵی 1994-دا زمانی ئینگلیزی خوێندووە و چەند وانەیەکیشی لە بواری ئابووریدا خوێندووە، ئەو ئێستا خاوەنی کۆمپانیای چۆبانی-یە کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی ماست، بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەی ئەو کۆچبەرە کوردە پڕفرۆشترینن لە ئەمریکا.

لە پانێڵی تایبەت بە قەیرانی کۆچبەراندا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس حەمدی بەنمونە هینرایەوە کە " مەرج نییە کۆچبەران ببنە کێشە بۆ ئەوروپا و وڵاتانی جیهان، بەڵکو هەندێکیان نمونەیەکی سەرکەوتوون".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە