وەشانخانەیەكی بەناوبانگی ئەڵمانیا، وشەی "babo"ی كوردی وەكو وشەی باوی سەرزاری گەنجان بۆ ساڵی 2013 هەڵبژارد. بەڵام هەندێك لە میدیاكان بە وشەیەكی توركی ناویان بردووە.
وشەی "بابۆ"ی كوردی لەلایەن وەشانخانەی فەرهەنگی ناوداری ئەڵمانیا Langenscheidt وەكو وشەیەكی باوی سەرزاری گەنجان بۆ ساڵی 2013 دەستنیشان كرد. ئەو وەشانخانەیە ساڵانە بەپێی پلە سێ وشە بە وشەی ساڵ هەڵدەبژێرێت.
ئەو وشەیە نەك تەنیا لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی وشەی ساڵ دەستنیشانكرا، بەڵكو لە ماڵپەری تایبەت بەو وەشانخانەیەدا لەنێو ئەو پەیڤانەی بۆ كێبڕكێ دانرابوون، توانی پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت بە كۆكردنەوەی 48%ی دەنگەكان.
وشەی "بابۆ" بەهۆی گۆرانی " Chabos wissen، wer der Babo ist- كوڕ دەزانن بابۆ كێیە؟" لە نێو گەنجاندا بڵاوبووەوە، ئەو گۆرانییە لەلایەن هیپ هۆپی كورد (Haftbefehl) گوتراوە. لەو رۆژەوەی ئەو گۆرانییە بڵاوبووەتەوە، ئەو وشەیە بووەتە وێردی سەرزاری گەنجانی بیانی و ئەڵمانی و بەردەوام لە كاتی قسەی جددی و گاڵتەكردندا ئەو وشەیە بەكاردێنن.
لێژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەیڤی ساڵ لە ئەڵمانیا سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو وشەیە دەڵێت "جێی سەرنجە كە فرەكەلتووری و فرەزمانی كاریگەری لەسەر شێوەزاری گەنجانی ئەڵمانیا دادەنێ".
هەر لەو كێبڕكێیەدا بۆ پەیڤی ساڵ، پەیڤی "fame" بە پلەی دووەم و " gedienen" بە پلەی سێیەم هەڵبژێردران، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو زۆر لە میدیاكانی ئەڵمانیا "babo"یان بە وشەیەكی توركی ناوبرد لەكاتێكدا گۆرانیبێژەكەیان (Haftbefehl) بە گۆرانبێژێكی كورد ناوبردووە.


