رووداو - ئاژانسەکان
دوای ئەوەی رۆژی ٢ی نیسان، ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی ٥+١ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران رێککەوتن، ئەمڕۆ پەرلەمانی ئیسرائیل بۆ باسکردن لەسەر ئەو رێککەوتنەو کاریگەری و مەترسییەکانی لەسەر ئیسرائیل کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ رێککەوتنەکەی بە "مەترسیدار" ناوبرد و رایگەیاند "ئەم رێککەوتنە هەڕەشەیە بۆسەر بوونی ئیسرائیل لە جیهاندا".
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پاش رێککەوتنەکەی ئێران ، ئەمریکا و وڵاتانی ٥+١ رایگەیاند کە ئەو رێککەوتنە سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران مەترسییەکی گەورەی هەیە بۆسەر جیهان و هەڕەشەیە بۆسەر بوونی ئیسرائیل. "چونکە ئەم رێککەوتنە کارێک دەکات کە ئێران بتوانێت بەردەوام بێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و لە زووترین کاتدا ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی دەگات بەتایبەت ئەگەر بێت و سنوورەکان بشکێنرێن".
ناتانیاهۆ هەروەها رایگەیاند کە ئەوان بە هیچ شێوەک ئەم رێککەوتنە قبوڵ ناکەن، "چونکە ئەمە نەک رێگر نییە لەبەردەم دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، بەڵکو رێگە خۆشکەریشە بۆی".
هەر لە قسەکانیدا ناتانیاهۆ رایگەیاند دەبێت دوایین رێککەوتنەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هەموو ئەو شتانە لەخۆبگرێت کە مافی ئیسرائیلیەکان بپارێزێت و رێککەوتنەکە نەبێتە هەڕەشەیەک بۆسەر بوونی ئیسرائیل.
دوای 13 ساڵ دانوستاندن و گفتوگۆ لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی (3/2-4-2015) هەردوولا رێككەوتنیان راگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران وتارێکی سەبارەت بە رێککەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 پێشکەشکردو جەختیکردەوە، کە ئێران مەبەستییەتی پرۆژە ناوەکییەکەی لە ئاشتیدا و "بۆ پێشخستنی ئێران" بەکاربهێنێ. گوتیشی "پابەندین بەوەی لەسەری رێککەوتین و با دنیاش بزانێ کە ئێمە دووڕوو نین، ئەگەر لایەنی بەرامبەر بەو رێککەوتنەوە پابەند بن ئەوا ئێمەش پابەندین" .




