رووداو- واشنتن
لەکاتیکدا دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بانگەشەی رێگریکردن لە هاتنی موسڵمانان بۆ ئەمریکا دەکات، گەورەترین سەنتەری ئایینی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار دادەمەزرێندرێت.
باڵەخانەکە نێونراوە "سەنتەری دیانەت لە ئەمریکا" لەگەڵ سەنتەرەکە مزگەوتێک لەسەر شێوازی مزگەوتەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروستکراوە و جێگەی هەزار و 400 موسڵمانی لێ دەبێتەوە، هاوکات حەمامی تورکی و مەلەوانگە و هۆڵی یاری ئاسن و کتێبخانە بەشێکن لە خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ئاسایشی ناوەکی چووەتە ئەمریکا، بەشداری لە کردنەوەی سەنتەرەکە كرد.
ئەحمەد ئایدلیک، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ماریلاند و سکرتێری گشتیی سەنتەرەکە دەڵێت پێشان مزگەوتێکی بچووک لێرە هەبوو تەنیا جێگەی 50 نوێژخوێنی لێ دەبووەوە.
ئایدلیک دەشڵێت، هەمووکات بەپێویستمان زانیوە سەنتەرێک دابمەزرێنین نەک تەنیا خزمەت بە موسڵمانان بگەیەنێت، بەڵکو ببێتە پردێک لەنێوان موسڵمان و ناموسڵمانان لە ئەمریکا و چالاکی جۆراوجۆری لێ ئەنجامبدرێن.
نزیکەی ساڵێکە خواپەرستی لەنێو مزگەوتی نێو سەنتەرەکدا دەکرێت، بەڕێوەبەرانی سەنتەرەكە دەڵێن 10% ى ئەوانەی سەردانی مزگەوتەكە دەکەن موسڵمانن و، ئەوانی دیکە گەشتیاران بوونە و لە وڵاتی جۆراوجۆرەوە هاتوون.
دروستکردنی سەنتەری دیانەت و مزگەوت لەنێو سەنتەرەکە رەخنە و کۆمێنتی تووندی میدیاو دەزگا نێوخۆییەکانی ئەمریکا و رێکخراوە راستڕەوەکانی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێنا و، مزگەوتەکەیان بە " سیمبولی سەروەری ئیسلامی" ناوبرد. رێکخراوی جلاریۆن پرۆجێکت مزگەوتەکە بە "حەز و ئارەزووی ئەردۆغان بۆ زیادکردنی ئیسلامی تووندڕەو لە ئەمریکا" پێناسە دەكات.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ