یاریگای ڤیسێنتی کالدیرۆن لە دڵی مەدریدا

29-01-2015
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن مەدرید
A+ A-

یاریگای ڤیسێنتی کالدیرۆن لە دڵی مەدریدا.. هاندەرەکانی ئاتلێتیکۆ وەک هەمیشە بەدڵگەرمییەوە لە پێشوازی یاریزاکانیاندا بوون.

ئەوان متمانەیان بەپەڕینەوەی تیپەکەیان هەبوو، سەرەتای یارییەکەش نزیک بوو لەوەی ئەو متمانەیە بکاتە راستی، چونکە تۆرێس بەدووبارەکردنەوەی سیناریۆی یانەکەی بەرامبەر ریال هەمان هەنگاوی نا بەرلەوەی خولەکی یەکەمی یارییەکە تەواو ببێت.

مێسی وەڵامێکی خێرای هەبوو، هێرشێکی هەڵگەڕاوەی خێرا لە نێوان لیۆ و سوارێز و نەیماردا سێگۆشەیەکی مەترسیداری لێدروست بوو کە بەهۆیەوە نەیمار باری کەشتییەکەی لاسەنگ کردەوە و بارسای گێڕایەوە ناو کەشی یارییەکە.

گێمی هێرش بەهێرش و وەڵام بە وەڵام دەستیپێکرد و بەربوونەوەی خوان فران لەسەر هێڵی سزا هەلی پێشکەوتنەوەی یانەی خاوەن یاریگەی رەخساند و رائول گارسیا لە خولەکی 30 هەموو ئامادەبووانی نێو کالدیرۆنی بە راهێنەری یانەکەشەوە خستە سەر هەوای لەدەرگادانی بردنەوە و پەڕینەوە بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین.

زۆری نەبرد جواو میراندا رۆڵی خۆی لە بەرگریکەرەوە لێبووە هێرشبەر و لە هەوڵی ئەودا بۆ دوورخستنەوەی تۆپێک لەبەردەم گۆڵی یانەکەیدا، یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی بە یانەی میوان بەخشی و ئەوە سەرەتای لەگرێژنە دەرچوونی یانەی ئاتلێتیکۆ بوو لە یارییەکەدا کە چەندە پێویستی بەگۆڵکردن هەبوو، ئەوەندەش شەڕی بۆ پارێزگاری لە گۆڵەکەی دەکرد.

بارسا هەر بەوەوە رانەوەستا و لێهاتووی سێکوچکە مەترسیدارەکەی پێشەوەی، جارێکی دیکە بەرگریکەرانی تیپی بەرامبەری خستە تەنگانەوە و جارێکی دیکەش نەیمار و گۆڵ مانەوە بۆ ئەوەی شتێک لای یانەی خاوەن یاریگە نەمێنێتەوە بەناوی قۆناخی داهاتوو.

گێمی یەکەمی یارییەکە بەدەم شەڕە قسەی نێوان تۆرێس و نەیمارەوە کۆتایی هات و بەرلەوەی یاریزانان بگەنە ژووری خۆگۆڕین گابی بەکاری سوور کرایە دەرەوە.

گێمی دووەم گێمی رووداوە سەیرەکان بوو، ئەردا تۆران پێڵاوێکی بەتوڕەیی هەڵدا و زنجیرەی کارتە زەرد و سوورەکانی ئاتلێتیکۆ درێژەیان بەست و لە خولەکی 84دا خاوەن یاریگە یاریزانێکی دیکەی بەهۆی توندوتیژییەوە لەدەستدا و لەگەڵیدا خەونی یەکەم نازناویشی لەبیری خۆی بردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە