ئینفانتینۆ بووە نۆیەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی فیفا لە مێژوودا

28-02-2016
رووداو وەرزشی
جیانی
جیانی
نیشانەکردن جیانی
A+ A-
ئەو کەسەی کە لە تیرووپشکەکانی چامپیۆنزلیگدا ناسرابوو، تاوەکو 2019 بووە سەرۆکی فیفا

کۆنگرەی نائاسایی فیفا کۆتاییهات و لە گرنگترین بەشی کۆنگرەکەشدا، جیانی ئینفانتینۆ بە سەرۆکی نوێی فیفا هەڵبژێردرا.
ئینفانتینۆی بەڕەچەڵەک ئیتاڵی و هەڵگری وڵاتینامەی سویسری، زۆرترین دەنگی لە دوو گەڕی هەڵبژاردنەکە بەدەستهێنا و بووە نۆیەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی فیفا و جێگای سێپ بلاتەری گرتەوە.

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی سەرۆکێکی نوێی بۆ خۆی هەڵبژارد و ئەو سەرۆکەش جیانی ئینڤانتینۆی سویسری بوو.

جیانی لە کۆنگرەی نائاسایی فیفادا توانی زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەکە بەدەست بهێنێت و تا ساڵی 2019 ببیتە سەرۆکی ئەو فیدراسیۆنە.

جیانی کەسایەتییەکی ناسراوی نێو جیهانی تۆپی پێیە و پێشتر لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپادا ساڵانێکی زۆر وەک سکرتێر کاریکردووە و بەرپرسی دۆسێ و لیژنەی چاودێری دەستپاکی یانەکان بووە.

ئینڤانتینی جارێکی دیکە دەسەڵاتی یەکەمی فیفای لەدەستی سویسرییەکاندا هێشتەوە کە ساڵانێکی زۆر بەدەست جۆزیف سیپ بلاتەری سەرۆکی پێشووەوە بوو.

پیاوە رێکپۆشە سویسرییەکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا جەختی لەسەر بنەبڕکردنی گەندەڵی لە فیفا دەکرد و ئاشکراشیکردبوو ئەگەر ببێتە سەرۆک کاردەکات بۆ ئەوەی ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیال بکاتە 40 ئەندام.

ئینفانتینی لە کارە نوێیەکەیدا رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، لەوانەش پێشاندانەوەی رووی گەشی تۆپی پێ و فیفا لە جیهاندا دوای ئەو زنجیرە گەندەڵییەی ساڵی رابردوودا لە فیدراسیۆنەکەدا ئاشکرا کران، ئەمە جیا لە بەرەوپێشبرنی تۆپی پێ و پەیڕەوکردنی شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکانی ئەو رێکخراوەدا.

هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی فیفا بەشێک بوو لەو کۆنگرەیەی ئەمڕۆ لە زیوریخی سویسرا دەستیپێکرد و تێیدا ئەو فیدراسیۆنە چەندین چاکسازی دیکەی لە پەیکەری رێکخراوەکەدا پەسند کرد و ئەوەشی دەستنیشانکرد کە هیچ کەسێک بۆی نییە لە 12 ساڵ زیاتر سەرۆکی بێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە